بەهۆی بومەلەرزەکەی شەوی رابردووی ئیندۆنیزیا، تاوەکو ئێستا ٣٤ کەس گیانیان لەدەستداوە.
شەوی ڕابردوو، بومەلەرزەیەک بەگوڕی 6.2 پلە بەپێوەری ریختەر شاری ماموجۆ لە دورگەی سولاوسی لە باشوری ئیندۆنیزیای هەژاند و بەپێی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس تاوەکو ئێستا ٣٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و سەدان کەسی دیکەش برینداربوون.
فرانس پرێس ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی بومەلەرزەکەوە، دەیان نەخۆش و کارمەندی نەخۆشخانەیەکی شاری ماموجۆ، ژێر داروپەردی بینای نەخۆشخانەکە کەوتوون و هەوڵەکانی تیمەکانی فریاکەوتن بۆ رزگارکردنیان بەردەوامە.
جگە لە زیانی گیانی، بەهۆی بومەلەرزەکەوە دەیان بینا و باڵەخانە رووخاون و زیانی ماددی زۆر بەر دانیشتووانی ناوچەکە کەوتووە.
کەشناسی ئیندۆنیزیا هۆشداری داوەتە دانیشتووانی دورگەی سولاوسی و داوای لێکردوون خۆیان بپارێزن لە نزیکبوونەوە لە کەناراوەکان، چوونکە مەترسی روودانی سونامی لە ئارادایە.