ئەمریکا داوای لە هاوڵاتییەکانی کرد بە پەلە ئەفغانستان جێبهێڵن

  2021-01-18  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
میدیای ئەفغانستان بڵاویانکردەوە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا ڕایانگەیاند، بەهۆی زیادبوونی هێرشە تیرۆریستییەکانەوە، داوای لە هاوڵاتییەکانی کردووە بەزووترین خاکی ئەفغانستان جێبهێڵن.

ئاژانسی هەواڵی (Khaama Press )ی ئەفغانی بڵاویکردەوە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردووەتەوە "باڵیۆزخانەکە بە هاوڵاتیانی ئەمریکا ڕادەگەیەنێت، کە بەهۆی زیادبوونی توندوتیژی و تاوانە مەترسییەکان لە ئەفغانستان زیاتر بوون، بۆیە داوا لە هاوڵاتیانی ئەمریکا دەکات بە بایەخەوە سەری بابەتەکە بکەن و لە ززوترین دەرفەتدا ئەو وڵاتە جێبهێڵن".

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کابول ئاماژەی بەوەشکردووە، زیادبوونی هێرشە تیرۆریستییەکان و کردەوەکانی ڕفاندن و بێسەروشوێنکردن لەسەرانسەری ئەفغانسان زیادیکردووە، بە تایبەت لەم چەند هەفتەی دواییدا.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا باڵیۆزخانەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردووە، ئوتێل و کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون، بارەگای ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و باڵیۆزخانەکان، ئەو شوێنانەی دیکە کە بیانییەکان سەردانی دەکەن، زۆرترین ئەو شوێنانەن، کە مەترسی هێرش و توندوتیژییان لەسەرە.

دوێنێش لێپرسراوانی ئەفغانستان ڕایانگەیاند، دوو دادوەرژی ژن، کە لە دادگای باڵای ئەو وڵاتە کاریانکردووە، لە لایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە لە کابولی پایتەخت کوژران.

ئەحمەد فەهیم قەیوم سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی ئەفغانستان ڕایگەیاند، ئەو دوو دادوەرە بە ڕێگاوە بوون بۆ سەر کارەکانیان، کاتێک ئەو چەکدارانە دەستدرێژی گولـلەیان لێکردوون.




ڕیکلام