کوردی  |  English            

ناوەرۆکى گفتوگۆکانى ئەمڕۆی شاندى هەرێم لە بەغدا ئاشکراکرا

  2021-01-25  | 
بەغدا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەندامێکى لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق داواکارییەکانى لیژنەکەى لە شاندى هەرێم ئاشکراکرد و راشیگەیاند، بۆ ئەوەی هەرێم بتوانێت هەموو شایستەکانى بەدەستبهێنێت، دەبێت هەموو داهاتەکانی ڕادەست بکات.

ماجد عزاب وائیلى، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق  لە هاوپەیمانێتی سائیرونی سەر بەموقتەدا سەدر لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی عێراقییە رایگەیاند، "کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کە ئەمڕۆ و ڕۆژانی دواتریش بەڕێوەدەچن کۆبوونەوەی هونەریین". 

وتیشی، "بۆئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت پشکی تەواوی خۆی بەپێی ڕێژەی دانیشتوانەکەی لە بودجەی ساڵی 2021دا وەربگرێت، دەبێت هەموو داهاتەکانی ڕەوانەی خەزینەی حکومەتی فیدڕاڵی بکات، بەشێوەیەکی ڕوون و شەفاف".

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەشکرد، "لە کۆبوونەوەکەی دوێنێدا بە ڕاشکاوانە داوامان لە شاندەکەی هەرێم کردووە کە ئەو داهاتەی پێویستە ڕادەستی بکات شەفاف و ڕوون بێت بۆ ئەوەی بکرێت بە یاسا و لە ناو پڕۆژیاسای بودجەی 2021دا جێگیربکرێت، ئەوەش بۆ ئەوەی لەسەر ئەو بنەمایە پەیوەندییە داراییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر ڕێکبخرێ".

دوێنێ یەکشەممە شاندى دانوستانکاری هەرێم بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب گەیشتە بەغدا و لەگەڵ لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنى دوایین گفتوگۆکان لەبارەى پشکى هەرێم لە بودجە، پێش ئەوەى لە پەرلەمان بخرێتە دەنگدانەوە، ئەمڕۆش قوباد تاڵە‌بانی جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران و سە‌رۆكی وە‌فدی دانوستانكاری هەرێم، بەمەبەستی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەکان چووە بەغدا.