سەر لەبەیانی ئەمڕۆ شەممە لە ئۆتۆمبێلێكەوە تەقە لە ناوچەی یەكی پارتی لە سلێمانی كراوە و تەقەكەرەكانیش هەڵهاتوون.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دوای كاتژمێر شەش ئۆتۆمبێلێكی جۆری لاندكروزەر تەقەی لە ناوچەی یەكی پارتی لەگەڕەكی ئازادی سلێمانی كردووە و هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتووەتەوە.
بە وتەی سەڵاح شێخ حەسەن، بەرپرسی ناوچەکەی پارتی بۆ (تۆڕی هەواڵی ژیان) تەقەكەرەكان سێ كەس بوون و ژمارەیەكی زۆر فیشەكیان بە بارەگاكەوە ناوە، لەلایەن پاسەوانەكانی بارەگاكەشەوە بە فیشەك وەڵامیاندراوەتەوە بەڵام هیچ زیانێك بەر تەقەكەرەكان نەكەوتووە.
ئەو وتیشی ئۆتۆمبێلەکە ژمارەکەی بەعەلاگە داپۆشراوە و یەکێک لە تەقەکەرەکان بە دەمانچە تەقەی کردووە و دوکەسەکەی دیکەش بە کڵاشینکۆف یان گومان دەکەین لە کڵاشینکۆف بەهێزتر بوبێت چونکە دیواری بڕیوە.