بازەکە لەسەر شانی ئومێد خۆشناو نیشتەوە

  2021-02-04  | 
دۆسیە:  پارتی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دوای مشتومڕێکی زۆری ناو پارتی لەسەر پڕکردنەوەی شوێنی فرسەت سۆفی پارێزگاری کۆچکردوویی هەولێر، دواجار بازەکە لەسەر شانی ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان نیشتەوە.

ئومێد خۆشناو، دوێنێ لە سەری رەش لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دەرکەوت، خێرا وێنەی کۆبوونەوەکە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنەتی و بە شێوەیەکی نا فەرمی بڵاوکرایەوە کە بارزانی ناوبراوی بۆ پۆستی پارێزگاری هەولێر کاندید کردووە، ئەمڕۆش ئومێد خۆشناو لەسەر زاری خۆیەوە کاندیدبوونی بۆ پۆستەکە بە شێوەیەکی فەرمی راگەیاند.

جیاواز لە فرسەت سۆفی پارێزگاری کۆچکردووی هەولێر کە بە کەسێکی خۆشەویست و پەسەند ناسرابوو لای زۆربەی لایەنەکانی دەرەوەی پارتی، بەڵام رەخنەی ئەوە لە ئومێد خۆشناو دەگیرێت کە تەنیا پەسەند کراوی پارتییە،  لە رابردوودا لە لێدوان و نووسینەکانیدا هێرشی توندی کردووەتە سەر لایەنەکانی دیکە، بە داکۆکیکارێکی سەرسەختی بنەماڵەی بارزانی ناسراوە، ئەوەش وایکردووە بتوانێت دڵی سەرۆکی ئەو حزبە بەدەست بهێنێت.

پۆستی پارێزگار، پۆستێکی گشتییە و لە ماوەکانی رابردوودا لایەنەکان هەوڵیانداوە ئەو کەسانە بۆ ئەو  پۆستە دەستنیشان بکەن کە لای زۆربەی خەڵک و لایەنە سیاسییەکان پەسەند کراو بن و لە بەرامبەریشدا ئەو کەسە هەوڵیداوە تا رادەیەک بێلایەنانە رەفتار بکات.

ئەم رێوشوێنە کە لە رابردوودا لایەنە سیاسییەکان بۆ دەستنیشانکردنی پارێزگار رەچاویان کردووە لەو سۆنگەیەوە بووە کە هیچ حزبێک ناتوانێت بە تەنها نوێنەرایەتی سەد لە سەدی هەموو پارێزگاکە بکات، ھەر بۆ نموونە لە ھەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی عێراق، لە کۆی 16 کورسی پارێزگای هەولێر، پارتی تەنھا 8 کورسی بەدەستھێناوە.

ھەروەھا لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی ساڵی 2014، لە کۆی 30 کورسی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، پارتی تەنھا 12 کورسی ھێناوە.

ئومێد خۆشناو سەرباری ئەو رەخنەیەی کە بە شێک لە هاوڵاتیان و لایەنە سیاسییەکانی دیکە لێی دەگرن لەسەر هەڵوێستە توندەکانی لە رابروودا، ئەگەر هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی کوردستان بکرێتە پێوەر دەردەکەوێت ئومێد خۆشناو دڵخوازی هەموو پارتییەکانیش نییە، لەو هەڵبژاردنە تەنها 12 هەزار و 536 دەنگی هێنا و لە رووی ژمارەی دەنگەوە دوانزەیەمین کاندید بوو کە بووەتە پەرلەمانتار.

ئومێد عەبدولڕەحمان حەسەن ناوسراو بە ئومێد خۆشناو، ساڵی 1977 لە شاری هەولێر لەدایکبووە.

لە ناو پارتی دیموکراتی کوردستان چەند پۆستێکی وەرگرتووە، بەڵام زیاتر وەک سەرۆکی فراکسیۆن و پەرلەمانتاری پارتی  ناسراوە.

بێژەر و پێشکەشکار بووە لە کەناڵەکانی پارتی و دەرچووی پەیمانگەی تەکنیکی بەشی راگەیاندنە، ئەزموونی لە بەڕێوەبردنی پۆستی حکومیی نییە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەسێکی چالاکە.

لە دوای جێهێشتنی پۆستی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، زانیارییەکان باس لەوە دەکەن چوار کەس خۆیان بەربژێر کردووە بۆ شوێنگرتنەوەی ئومێد خۆشناو کە ئەمانەن:

_ لیزا فەلەکەدین کاکەیی
_ رێبوار بابکەیی
_ عەبدولسەلام دۆڵەمەڕی 
_ نزار مەلا عەبدولغەفار 
 لە شوێنی پەرلەمانتاریەکەشی هەڵکەوت لالە ئەنوەر دەستبەکار دەبێت

کاندیدکردنی ئومێد خۆشناو بۆ پۆستی پارێزگاری هەولێر دوای ئەوە دێت لە 18-11-2020، فرسەت سۆفی، پارێزگاری کۆچکردووی هەولێر دوای ماوەیەکی زۆر لە تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەیەکی تورکیا کۆچی دواییکرد.


ڕیکلام