نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە ئەمریکا و ئێران دەکات کاربکەن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان

  2021-01-29  | 
جیهانی
ئەنتۆنی گۆتیرێش سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە ئەمریکا و ئێران کرد پێکەوە کاربکەن لەپێناو هاتنەدەرەوە لە قەیرانی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی نێوان تاران و زلهێزەکانی جیهان، بەڵام لە هەمانکاتدا دانی بەوەدانا کە چاوەڕێی ئەنجامێکی خێرا ناکات.

ئەنتۆنی گۆتیرێش سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەرەڕای پەرەسەندنی ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر رێککەوتنی ئەتۆمی، بەڵام دۆخەکە بەرەو رێککەوتنێکی گرنگ بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە دەڕواتەپێش.

 وتییشی، " کارێکی زۆر هەیە دەبێت بکرێت، بەڵام پێشبینی ئەوە ناکەم بەزووترین کات ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت."

ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت هەموو ئەوانەی بەشدارییان کردووە لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە پێکەوە کاربکەن و لەپێناو کەمکردنەوەی ناکۆکی و ئاڵۆزییەکان، ڕووبەڕووی قورسایی و کۆسپەکان ببنەوە.

سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان راشیگەیاند، بێگومان قورسایی و کۆسپ و ئاڵۆزی هەیە چونکە ئەمریکا لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە و ڕێوشوێنی دیکەی گرتەبەر و دواتر ئێران هەوڵی پەرەپێدانی توانا ئەتۆمییەکانیدا.

چەند رۆژ پێش ئێستا ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە بگەرێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ئەگەر ئێران بەتەواوی پابەندی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە بێت، بەڵام دوێنێ پێنجشەممە ٢٨ی١ی٢٠٢١، محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە میانی سەردانیکردنی بنکەی ئەتۆمی فۆردۆ، رایگەیاند، "لە پیتاندنی یۆرانیۆمی 20٪یدا کە بڕیاربوو ساڵانە 120 کیلۆ بپیتێنین، زووتر لە کاتی خۆی بڕیار و پلانەکەمان جێبەجێ کردووە و بەرەوپێشچوونی باشمان بەخۆوە بینیوە ".

وتیشی، "لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگدا ١٧ کیلۆ یۆرانیۆمی 20٪یمان پیتاندووە".



ڕیکلام