عەلی باپیر بە کەسی یەکەمی کۆمەڵی ئیسلامی هەڵبژێردرایەوە

  2021-02-18  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کەناڵی پەیامی زمانحاڵی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان ڕایگەیاند لەلایەن ئەندامانی کۆنگرەوە عەلی باپیر بەکەسی یەکەمی کۆمەڵ هەڵبژێردراوەتەوە.

کەناڵەکە ڕاشیگەیاندوە پاش ئەوەی لەلایەن لیژنەی باڵای سەرپەرشتی کۆنگرەوە دەرگای خۆ پاڵاوتن بۆ کەسی یەکەمی حزب کرایەوە ئەندامانی کۆنگرە کاندیدیان کرد و بە دەنگدانی ئاشکرا و بە زۆرینەی دەنگ عەلی باپیر بە کەسی یەکەمی حزب هەڵبژێردراوە.

بەپێی هەواڵەکەی کەناڵی پەیام عەلی باپیریش داوایکردوە" ئەگەر بگونجێ برایەکەی دیکە ئەرکی کەسی یەکەم بگرێتە ئەستۆ،بەڵام بە زۆرینەی دەنگی ئاشکرا بە کەسی یەکەمی حزبەکە هەڵبژێردراوەتەوە"

ئەوە لەکاتێدایە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پەیوەند عومەر وتەبێژی کۆنگرەی چوارەمی کۆمەڵ ڕایگەیاند لە کۆنگرەدا گۆڕانکاری لەناوی کەسی یەکەمی حزبدا دەکات.

کۆمەڵی ئیسلامی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی بە بەشداری 900 ئەندام کۆنگرەی چوارەمی خۆی بەست و بڕیارە دوو رۆژ بەردەوام بێت.

هەروەها ئەمڕۆ هەڵبژاردن بۆ ئەندامانی سەرکردایەتی دەکرێت کە 71 کەس خۆیان بۆ 20 پۆستی سەرکردایەتی کاندید کردوە و لە کۆنگرەدا هەڵدەبژێردرێن.

پێشتریش ژمارەیەک ئەندامانی سەرکردایەتی دیکە لەلایەن مەڵبەندەکانی کۆمەڵ لەشارەکانەوە هەڵبژێردراون.


ڕیکلام