لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا لە هەڵەبجە چەند بڕیارێكی دەركرد

  2021-02-23  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا لە هەڵەبجە بڕیاریدا هەموو گردبوونەوە و كۆبوونەوەیەك لە مانگی ئازاردا قەدەغە بكات.

نوخشە ناسیح، قایمقامی پاریچزگای هەڵەبجە رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە پارێزگای هەڵەبجە كۆبوویەوە و چەند بریاریچكی نوێی دەركرد. 

ناوبراو روونیكردەوە "بڕیاردرا بەپێی ئەو بڕیارانەی لە وەزارەتی ناخۆ و لایەنی پەیوەندیدارەوە دەرچووە، چاودێری سەرجەم شوێنە گشتییەكان و ناوەندەكانی خوێندن بە تایبەتی بكرێت و ماسك ببەسترێت". 

قایمقامی هەڵەبجە راشیگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردراوە "هەموو گردبوونەوە و كۆبوونەوەیەك لە مانگی ئازاردا قەدەغە" بكات. 

دوێنێ دووشەممە لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان كۆبوویەوە و دوای كۆبوونەوەكە رایگەیاند، بڕیاردراوە یادەكانی مانگی ئازار بەبێ قەرەباڵغی بكرێنەوە. 

بەگوێرەی بڕیاری لیژنەكە "ئەركە لەسەر سەرجەم فەرمانگەكان كە فەرمانبەرەكانیان ماسك ببەستن" داواشكرا میدیاكان هۆشیاری زیاتری تەندروستی بۆ خۆپاراستنی هاوڵاتیان لە ڤایرۆسەكە بڵاوبكەنەوە.


ڕیکلام