لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بڕیاریدا پرۆسەی خوێندن بەردەوامبێت

  2021-02-22  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند لە کۆبونەوەی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بڕیاردراوە کە پرۆسەی خوێندن بەردەوامبێت.

جوتیار عادل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند ئیدارەی پارێزگاکانیان ڕاسپاردوە بازەگەکانی نێوان هەرێم و شارەکانی عێراق کۆنتڕۆڵبکەن و تەنیا رێگە بە شاندە حکومیەکان بدەن و هاتنی گەشتیاران قەدەغە دەکرێت.

وتیشی لەبارەی یادەکانی مانگی ئادارەوە بڕیاردراوە کە یادەکان بەبێ قەرەباڵغی بکرێنەوە و پێویستە سەرجەم لایەن و شوێنەکان پابەندی ئەم رێنماییە بن.

سەبارەت بە توندکردنەوەی رێکارەکانی ڕێگری لە کۆرۆنا وتەبێژی حکومەت ڕایگەیاند ئەرکە لەسەر سەرجەم فەرمانگەکان کە فەرمانبەرەکانیان ماسک ببەستن.

وتەبێژی حکومەتی هەرێم داوای لە دەزگاکانی ڕایگەیاندنیش کرد هۆشیاری زیاتری تەندروستی بۆ خۆپاراستنی هاوڵاتیان لە ڤایرۆسەکە بڵاوبکەنەوە.

جوتیار عادل ڕاشیگەیاند لەماوەی ڕابردوو لەکاتی دابەشکردنی موچەی خانەنشینی قەرەباڵغی زۆر دروستدەبوو بۆیە رێنماییان داوە کە ئەو کێشەیە چارەسەربکرێت.


ڕیکلام