پارێزەرانی سزادراوانی بادینان هەڵوێستی خۆیان لەسەر بڵاوکردنەوەی دانپێدانانەکان راگەیاند

  2021-03-04  | 
هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پارێزەرانی سزادراوانی بادینان هەڵوێستی خۆیان لەسەر بڵاوکردنەوەی دانپێدانانەکان لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیاند و دەڵێن، ئەو دانپێدانانە هیچ بایەخێکی یاسایی نییە و رەتکراوەیە.

پارێزەر بەشدار حەسەن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە هەولێر رایگەیاند، ئەو گرتەڤیدیۆیەی کە ئەمڕۆ لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکرایەوە، لەڕووی یاساییەوە هیچ بایەخێکی نییە.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو ئامێرە ئەلکترۆنیانەی سزادراونی بادینان کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستیان بەسەرداگیراوە، دەستکاری کراون و شێوێندراون، بەپێی یاسا هەر ئامێرێک دەستی بەسەرداگیرا، دەبێت بە ئامادەبوونی تۆمەتبار و پارێزەرەکەی بکرێتەوە و لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت، بۆیە ئەو کارەشیان پێشێلکردنی یاسایە".

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو وێنانەی لە دانپێدانەکاندا بڵاوکراونەتەوە بایەخی یاساییان نییە و ئەو لێدوانانەشی کە لە سزادراون وەرگیران، پەیامی خۆیان نییە.

ئاشکراشیکرد، "ئەرداڵ ناوێکیان هێناوەتە سەر تەلەفیزیۆن کە گوایە ئەو ئەرداڵ ناوە قسەی لەگەڵ سزاداراواندا کردووە، بەڵام ئەو ئەرداڵ ناوە کەسی خۆیانە و نێردراوە، لە سەردەمی رژێمی بەعسیشدا هەر کەسێک نێردرابایە، لە یاسای سزادانی عێراقیدا سزای بۆ دانەدەنرا".

وتیشی، لە کۆی پێنج ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دوو ئەندام لەسەر بڵاوکردنەوەی ئەو دانپێدانانە رازی بوون، ئەوەش خالێکی دیکەیە کە دەیسەلمێنێت ئەو بڵاوکراوەیە بایەخی یاسایی نییە.

پارێزەر بەشدار حەسەن راشیگەیاند، "سزادراوەکان بێتاوانن و ئەو تۆمەتانەی کە خراوەتە پاڵیان هێچ بنەمایەکی نییە، داواش لە هاوڵاتیان دەکەین بەو چەواشەکاریانە هەڵنەخەڵەتێن".

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٤ی٣ی٢٠٢١، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە گرتەڤیدیۆیەکی تۆمارکراودا، دانپێدانانی دەستگیرکراوانی بادینانی بڵاوکردەوە کە ئەو بە "تۆڕێکی سیخوڕی" ناوی بردوون .

دواتر سێ ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم روونکردنەوەیەکیان لەسەر ئەو دانپێدانانە بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، بەهیچ جۆرێک ئاگاداری ئه‌و راپۆرت و دانپێدانانه‌ نین كه‌ به‌ناوی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشەوە بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ .

ئاماژەیان بەوەشکرد، "هه‌ر بڵاوكراوه‌یه‌ك به‌ بێ ئاگاداریی ئێمه‌ و بێ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی زانیارییه‌كانی له‌لایه‌ن ئێمه‌وه‌ بڵاوبكرێته‌وه‌، سیفه‌تی فه‌رمیبوون وه‌رناگرێت و نوێنه‌رایه‌تی بڵاوكراوه‌كانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ناكات ".

رۆژی سێشەممە ١٦ی٢ی٢٠٢١، دادگاییکردنی بەشێك لە گیراوانی بادینان لە دادگای (۲)ی کەتنی هەولێر بەڕێوەچوو و دادوەر هەریەکە لە شێروان شێروانی، شڤان سەعید، گوهدار زێباری، هاریوان عیسا و ئەیاز کەرەمی بە شەش ساڵ زیندانی حکومدا .

چەند رۆژ پێش دادگاییکردنەکە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا ئەو پێنج کەسەی بە "تۆڕێکی سیخوڕی" لەقەڵەمدا و رایگەیاند، پەیوەندییان بە وڵاتێکی بیانییەوە هەبووە و کاری تێکدەرانەیان ئەنجامداوە، ئەوەش لە کاتێکدایە، بەپێی ئەو گرتەڤیدیۆیەی کە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە وەک دانپێدانان بڵاوکراوەتەوە، دەردەکەوێت کە دەستگیرکراوەکان تەنها پەیوەندیان بە چەند کادیرێکی پەکەکەوە بووە و وێنەیان لەگەڵدا گرتوون.



ڕیکلام