رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای ئازادكردنی سزادراوانی بادینان دەكات

  2021-02-27  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای ئازادكردنی پێنج چالاكوان و ڕۆژنامەنوسەكەی بادینان دەكات و دەڵێت ئەو چالاكوانانە لە مانگرتن بەردەوامدەبن تا كاتی دادگاییكردنەوەیان لەدادگای پێداچوونەوە.

ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە نامەیەكدا بۆ دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتیەكانی حکومەتی هەرێم، رایگەیاند: شێروان شێروانی، گوهدار زێباری، هەریوان عیسا، ئەیاز كەرەم و شڤان سەعید بەرۆشكی  كە لە ڕۆژی 16ی ئەم مانگەدا، لەلایەن دادگای تاوانەكانی هەولێرەوە سزای شەش ساڵ زیندانییان بەسەر سەپێنرا، مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاندووە. 

رێكخراوەكە لە نامەكەیدا كە بڵاویكردووەتەوە دادگاییەكە بە نادادپەروەرانە لەقەڵەمدەدات و دەشڵێت: چاوەڕوان دەكرێت مانگرتنەكەیان تا 16ی مانگی داهاتوو بەردەوام بێت. 

لێبوردنی نێودەوڵەتی داوایكردووە ئەو سزادراوانە بەبێ مەرج ئازاد بكرێن و هۆشداریشیداوە لە دۆخی ئەو زیندانیانە دەشڵێت: ئەو سزادراوانە، لە هۆڵە قەرەباڵغەكانی زینداندا دەستبەسەرن كە هیچ ژوورێكیان نییە بۆ خەوتن. 

رێكخراوەكە دەشڵێت: سزادراوەكان لە كاتی دادگاییكردنەكەیاندا رایانگەیاندووە بە ناچاری واژۆیان لەسەر تۆمەتەكان كردووە كە ڕوبەڕوویان كراوەتەوە. 

ئەوەشی وتووە، دادگا فەرمانی دەستگیركردنی دەركردووە بۆ ئەیهان سەعید برای شڤان سەعید و دیفاع هەركی و قائید حوسێن كە هەرسێكیان ڕۆژنامەنوسن.

ئەو گیراوانەی بادیدنان كە رۆژی 16ی شوبات لەلایەن دادگای تاوانی هەولێرەوە سزای شەش ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێندرا، شێروان شێروانی لە 7ی تشرینی یەكەم و دەستگیركرا و چوار كەسەكەی دیكەش لە 22ی هەمان مانگ دەستگیركران و لە ماوەی دوو رۆژی لەسەریەكی دانیشتنەكەی دادگا سزاكەیان بەسەردا سەپێندرا و رۆژی پێنج شەممەی رابردوو25ی شوبات پارێزەری دەستگیركراوەكان داوای پێداچونەوەی دادگاییەكەیان كرد و لە ماوەی مانگێكدا دەبێت دادگای پێداچوونەوە دەستبكات بە پێداچونەوەی دۆسیەكە. 


ڕیکلام