كەجەكە: ئەو بەڵگانەی بۆ تاوانباركردنی چالاكوانانی بادینان بڵاوكرانەوە دروستكراون

  2021-03-05  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
كەجەكە لەبارەی ڤیدیۆی دانپێدانانی چالاكوانانی بایدنان رایگەیاند، ئەو ناو و دەنگ و گرتە ڤیدیۆیانەی بڵاوكراونەتەوە دروون لە راستیەوە و دروستكراون.

كۆمیتەی پەیوەندییەكانی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) لەبەیاننامەیەكدا لەبارەی دانپێدانانی دەستگیركراوانی بادینانەوە رایدەگەینێت: ئەو راپۆرتە ڤیدیۆیە و هەموو ئەو  تۆمەتانەی كە دراوەتە پاڵ  بزووتنەوەكەمان بە تەواوی رەتیان دەكەینەوە و رایدەگەینین كە ئەو ناو و گرتەی دەنگ و شتی دیكە كە بۆ تۆمەتباركردنی PKK بەكار هاتووە دروستكراون و دورن لە راستییەوە.

كەجەكە لە بەیاننامەكەیدا ئاماژەی بەوە كردووە كە ڤیدیۆكە دەزگای پاراستنی پارتی لە ژێر ناوی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بڵاویكردوەتەوە زۆرینەی دامەزراوە پێكهێنەرەكانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان فەرمییبوونی ئەم راپۆرتە ڤیدیۆیەیان رەت كردەوە. 

ئاماژەی بە رەتكردنەوەی پارێزەری ئەو دەستگیر كراوانەكردووە و دەشڵێت "ئەو ئازادیخوازانە لە سەر بیر و رای ئازاد و لەسەر كاری رۆژنامەگەری لە لایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بە بارمتە گیراون و هەموو ئەو دانپێدانانە لە ژێر زەختی بەدرەوشتانەی دەزگای پاراستندا لەوان وەرگیراوە". 

كەجەكە بەبیری هێناوەتەوە "دەزگای پاراستنی پارتی پێشتر رۆژنامەنووسانی بە جەستە تیرۆر دەكرد، ئێستا كە وەكو جاران ئەوەی پێی ناكرێ، هەوڵ دەدات تیرۆری كەسایەتییان بكات". 

ئەوەشی وتووە كە ئەو ڤیدیۆیە كە بۆ تاوانباركردنی ئەو دەستگیركراوانە بڵاوكراوەتەوە بەڵام "لە بنەڕەتدا سەلمێنەری بێتاوانی ئەو ئازادیخوازانەیە".

ئەوەشی وتووە "هەموو ئەو دەنگ و نووسراوانەی كە لە ئەو ڤیدیۆیەدا هاتوون سیناریۆن و هیچ بنەمایەكی دادپەرەوەری و ئەخلاقی و ئینسانی یان نییە". 

كەجەكە بەبیری هێناوەتەوە كە ئەگەر وێنەگرتن لەگەڵ گەریلا تاوان بێت "ئەوا بەرلە هەموو كەسێك بۆخۆیان سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان تاوانبار دەكەن، چۆنكە ئەو نەك تەنیا وێنە، تەنانەت ڤیدیۆشی هەیە". 

كەجەكە لە وەڵامی تۆمەتباركردنیان بە تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەشڵێت "ئێمە بە جاران رامانگەیاندووە كە بە هیچ شێوەیەك لە دژی پێگەی هەرێمی باشووری كوردستان نین و ئەم پێگەیە و گەلەكەشمان لە مەترسیدارترین دۆخدا پاراستووە و لەمەو بەدواش دەیپارێزین" دەشڵێت گەوەرترین مەترسی بۆ سەر پێگە و گەلی باشووری كوردستان و تەنانەت هەموو كوردستانیش سیاسەتەكانی پارتیە.

كۆما جڤاكێن كوردستان راشیگەیاندووە "رێكەوت نییە كە لە رۆژی ئۆپەراسیۆنی داگیركاری توركیا  لە سەر هەرێمی گارێ مەسرور بارزانی چالاكوانانی بادینان بە سیخوڕ ناودەبات و لەو رۆژەی كە خائین و نۆكەری توركیا و قەسابی شەنگال و عەفرین و سەرێكانی (ناسر حەریری)  لە كۆشكەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەولێر لە سەر فەرشی سوور پێشوازی لێدەكرێت، ڤیدیۆی دانپێدانانی هەمان چالاكوانان  لە لایەن مەسرور بارزانییەوە بڵاو دەكرێتەوە". 

پێشیوایە "ئەم راپۆرتە ڤیدیۆییە بۆ پەردەپۆشكردنی هەموو ئەو تاوانە نەتەوەیی و ئەخلاقییانەیە كە پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجامی دەدات. بۆ پەردەپۆشكردنی تیرۆری رۆژنامەوانان و ئازادیخوازان و پەرلەمانتارانە". 

ئەوەش دوای ئەوەهات كە ئێوارەی دوێنێ لەسەر ناوی ئەنجوومەنی ئاسایش ڤیدیۆی پێنج كەس لە دەستگیركراوانی بادینان بڵاوكرایەوە و تیایدا راگەیەندرا كە ئەو پێنج چالاكوانە لەسەر داوای پەكەكە گروپی سیخوڕیان دروستكردووە و هەوڵی ئاژاوەنانەوەیانداوە. 

بەڵام پاش كەمێك لەو ڤیدیۆیە سێ ئەندامی ئەنجوومەنەكە رەتیانكردەوە ئەوان ئاگاداری ئەو دانپێدانانە و بلاوكردنەوەیبن و رەتیان كردەوە و بە كارێكی حزبیان لەقەڵمدا. 

زیاتر لە شەش مانگە ژمارەیەكی زۆر لە چالاكوانان و رۆژنامەنوسانی بادینان دەستگیر كراون و لە رۆژی 10ی شوباتیش مەسرور بارزانی رایگەیاند ئەو كەسانە سیخوڕبوون و كاریان بۆ لایەنی دەرەكی كردووە، لە رۆژی 16ی مانگیش دادگای تاوانی هەولێر سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر هەریەكە لە شێروان شێروانی و شڤان سەعید و هاریوان عیسا و و ئەیاز كەرەم و گوهدار زێباری سەپاند. 


ڕیکلام