پاپا فرانسیس بەیانی ئەمڕۆ گەیشتە شاری نەجەف و لەگەڵ عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان لە عێراق كۆدەبێتەوە.
دوای ئەو دانیشتنەی هەردوو مەرجەعە ئاینیەكە، پاپا فرانسیس سەردانی شاری ناسریە دەكات كە شاری مێژوویی ئوری تیادایە كە شوێنی لەدایكبوونی پێغەمبەر ئیبراهیمە.
دوێنێ بەرپرسانی نەجەف ئاشكرایانكرد كە مەرجەعی باڵای شیعەكان پەیامێكی هەیە و ئاراستەی پاپای دەكات، بەڵام ناوەڕۆكی پەیامەكەیان ئاشكرا نەكرد.
بڕیارە سیستانی لە ماڵەكەی خۆیدا پێشوازی لە پاپای ڤاتیكان بكات. بەپێی كارنامەی گەشتەكەی پاپا، كۆبوونەوەی نێوان پاپا و سیستانی ماوەی 40 خولەك دەخایەنێت.
ئەوەش راگەیەندراوە دوای ئەو دیدارەی هەردوو مەرجەعە باڵا ئاینیەكە دەچێتە شاری ناسریە و دوای سەردانی شاری ئور، لەوێ پاپا وتارێك پێشكەش دەكات.
پاپا فرانسیس 266ـەمین پاپای ڤاتیكانە، مەرجەعی ملیارێك و 300 ملیۆن كریستیانی كاسۆلیكییە، هەر ئەمڕۆ ئێوارە دەگەڕێتەوە و بەغدا و بەشداری ڕێوڕەسمێكی مەسیحیەكان دەكات لە كەنیسەی ماریوسف لە شارەكە رێكخراوە.