ئەندامێكی دیكەی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان دەستی لەكاركێشایەوە

  2021-03-06  | 
فۆتۆ: ئەرشیف
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەندامێكی دیكەی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەستی لەكاركێشایەوە و دەشڵێت داوایكردووە جڤات و رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە داوای لێبوردن بكەن و دەست لە پۆستەكانیان بكێشنەوە.

عەبدولرەحمان موهەندیس، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان، هاوكات سەرۆكی فراكسیۆنی بزوتنەوەكەیە لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لە روونكردنەوەیەكدا دەڵێت: دوای شكستی گۆڕان لە دوو هەڵبژاردندا لەكۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانیدا ووتم پێویستە دان بەشكستەكاندا بنێین ‌و داوای لێبوردنیش لەخەڵك‌ و جەماوەری گۆڕان بكەین. 

ئەو ئەندامەی جڤات ئاماژەی بەوەشكردووە: ڕووی قسەكانم لەبەڕێز رێكخەری گشتی كرد و داوام لێكرد دەست لەكاربكێشێتەوە لەگەڵ ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن، ئامادەیی خۆشم نیشاندا بەیەكەوە لەگەڵ ئەوان دەست لەكاربكێشمەوە، بەڵام ئەوان نەیانكرد. 

ئەو بەبیری هێناوەتەوە وەك فراكسیۆنی بزوتنەوەكە لە هەولێر داوایانكردووە نەچینە ناو حكومەت و ناوماڵی خۆیان رێكخەنەوە، دەشڵێت: لەدەنگدانی چونە ناو حكومەتیش من و (4) هاوڕێی دیكەی جڤات دژی چونە ناو حكومەت دەنگماندا. 

موهەندیس ئەوەشی وتووە، هەموو هەوڵ و ئارامیەكیان بێ‌ سوود بووە، روونیشیدەكاتەوە "خەڵك و ئێمەیان بێ ئومێد كرد، بەردەوامی بەڕێوەبەرانی بزووتنەوەی گۆڕان بەو جۆرە ئەجێندا و نەهج و كاركردنەیان، بەدڵنیاییەوە ئەمجارەش لە هەڵبژاردنی داهاتوودا گۆڕان تووشی شكستی قورستر دەكەنەوە".

ئەو دەڵێت بۆ ئەوەی زیاتر نەبێتە بەشێك لە بێ هەڵوێستی و شكستەكان لە 9ی كانونی یەكەمی2020دا دەست لەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەشی رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەراندن و جڤاتی نیشتیمانی كردووە.

 ئەوەشی ئاشكراكردووە "تائێستاش من لەگەڵ هاوڕێكانم لە فراكسیۆن بەیەكەوە كار دەكەین، ئەوەی لە توانامدا بێت درێخی ناكەم و هەوڵی بۆ دەدەم، لە پێناو ئەو بەڵێن و ئامانجانەی كە جاران خەڵك لە بەرامبەریدا دەنگی پێداوین".

ئەو لە بەشی كۆتایی روونكردنەوەكەیدا ئەوەی وتووە "ئەوانەی (گۆڕانی ئێستا) بەڕێوە دەبەن، ئەگەر پابەندی پرەنسیپ و ئامانجەكانی جارانی گۆڕانن، پێویستە بەخۆیاندا بچنەوە و چیتر بزووتنەوە جەماوەریەكە گچكە و ناشیرین نەكەن".

ئەوەش دوای ئەوە دێت كە پێشتر ژمارەیەك لە هەڵسوڕاو و بەرپرسی ئەو حزبە دەستیان لەكار كێشاوەتەوە، هاوكات فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە كە پەیوەندیەكانیان لەگەڵ وەك پێشتر نەماوە و لە پەرلەمانی كوردستانیش لە كۆی 12 پەرلەمانتار شەش پەرلەمانتار بەشێوازێكی جیاواز كاردەكەن و بوونەتە دوو بەشەوە. 



ڕیکلام