شەش كەس بۆ سێ پۆستی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان خۆیان كاندید كردووە

  2021-02-13  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان

بڕیارە  ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان، شوێنی سێ ئەندامە دەست لەكاركێشاوەكەی خانەی راپەڕاندن پڕبكاتەوە تا ئێستاش شەش كاندید بۆ ئەو سێ پۆستە هەیە. 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێك كە ژووری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان، دوێنێ هەینی بڵاویكردوەتەوە، ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سێ ئەندامە دەستلەكاركێشاوەكەی خانە تەواو كراوە ئەمڕۆ هەڵبژاردنەكە ئەنجام دەدرێت. 

بەگوێرەی زانیاریەكان هەریەكە لە شێخ كامیل پێنجوێنی و پێشڕەو رەئوف خۆیان كاندید كردووە بۆ شوێنگرتنەوەی عەدنان عوسمان سكرتێری جڤاتی نیشتمانی. 

هاوكات هەریەكە لە ئاسۆ رەحیم و سوعاد عەبدولڕەزاق، خۆیان كاندید كردووە بۆ شوێنگرتنەوەی شەماڵ عەبدولوەفا لە سكرتێری باژێرەكانی خانەی راپەڕاندن. 

هەریەكە لە سەفین مەلا قەرە و ئومێد عەلی، خۆیان كاندید كردووە بۆ شوێنگرتنەوەی جەلال جەوهەر لە سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكانی بزوتنەوەكەیان.

راگەیەندراوەكەی دوێنێی ژووری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوە كردبوو كە بۆ هەر پۆستێك دوو كەس خۆیان كاندید كردووە و ژنیش لە نێو كاندیدەكاندا هەیە، بەڵام ناسنامەی كاندیدەكانی ئاشكرا نەكردبوو. 

لەماوەی رابردوودا بەشێوەی جیاواز و لە كاتی جیاوازدا هەریەك لە جەلال جەوهەر، شەماڵ عەبدولوەفا، عەدنان عوسمان، ئەندامانی خانەی راپەڕاندن دەستیان لەكاركێشایەوە، هۆكارەكەشی بۆ نیگەرانیەكانیان لە كاروباری بزوتنەوەكە گەڕاندەوە. 


ڕیکلام