شێخ نەهرۆ کەسنەزانی هەڵوێستی خۆی لەسەر هاتنی پاپا ڕاگەیاند

  2021-03-07  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
تەریقەتی قادری کەسنەزانی ڕایگەیاند، پەراوێزخستنی قورسایی ئایینی ئەوان لە کاتی پێشوازیکردن لە پاپای ڤاتیکان، کێشەیەکە دەبێت ڕێکخەرانی بەرنامەی سەردانەکەی پاپا لە ئەستۆی بگرن، کە ئەو تەوژمە فراوانەیان پەراوێز خستووە.

لە بەیاننامەیەکدا شێخ شەمسەدین محەمەد نەهرۆ کەسنەزانی ڕابەری تەریقەتی قادری کەسنەزانی ڕایگەیاندووە، سەرباری دەربڕینی خۆشحاڵی خۆیان بە سەردانی پاپای ڤاتیکان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، بەڵام پەراوێزخستنی تەوژمێکی فراوانی وەک ئەوان، کە لە ٧٥%ی موسڵمانانی جیهان پێکدەهێنن، هەڵەیەکە دەبێت ئەو کەسانە لە ئەستۆی بگرن، کە بەرنامەی سەردانەکەی پاپایان ڕێکخستووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هیوادار بوون سەردانەکە فراوانتر بوایە و پێکهاتەیەکی سەرەکی لە گەلی عێراقی لەخۆی بگرتایە، کە ئەویش پێکهاتەی سونەیە بە ناون ناونیشانە گەورەکانییەوە، بە تایبەت تەریقەتی سۆفیگەری، کە قورساییەکی گەورەی خۆی هەیە لە کۆمەڵگەی عێراق و جیهانیشدا.

تەریقەتی قادری کەسنەزانی ئاماژەی بەوەشکردووە، سووربوونی پاپا لەسەر سەردانەکەی بۆ عێراق و بەسەرکردنەوەی شوێنی پێغەمبەر ئیبراهیم باوکی پێغەمبەران، بەڵگەیەکی بەهێزە لەسەر ئەوەی باوەڕداران لەسەرانسەری جیهاندا بە هەموو رەوتە ئایینییەکانەوە، پێویستیان بە گەڕانەوەیە بۆ بنەڕەتێکی پیرۆز کە خۆی دەبینێتەوە لە باوەڕ بوون بە یەکێتی ئایینە ئاسمانییەکان.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا تەریقەتی قادری کەسنەزانی بە نوێنەرایەتی ملیۆنان لە شوێنکەوتوانی ڕێگای تەسەوف و تەرقەتەکەیان پێشوازیکردووە لە هاتنی پاپای ڤاتیکان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان.

   



ڕیکلام