پاپا هەولێری بەجێهێشت و گەڕایەوە بەغدا

  2021-03-07  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کەمێک پێش ئێستا پاپا فرەنسیس پاپای ڤاتیکان شاری هەولێری بەجێهێشت و لە ڕێگەی فڕۆکەخانەوە گەڕایەوە بەغدا.

هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت لە فڕۆکەخانە ماڵئاواییان لە پاپا کرد.
پاپا فرەنسیس بەیانی ئەمڕۆ بە فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی عێراقی گەیشتە هەولێر و لە فڕۆکەخانە لەلایەن بەرپرسانی باڵای هەرێمەوە پێشوازی لێکرا.

دواتر پاپا چووە موسڵ،پاشان لە شارۆچکەی قەرەقوش سەردانی کەنیسەی تاهیرە گەورەی کرد و نوێژی ئەنجامدا.

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆش سەردانی ناحیەی عەنکاوەی مەسیحی نشینی کرد و پاشان چووە نێو یاریگای فرەنسۆ هەریری لە ڕێورەسمێکی گەورەدا کە دەیان هەزار کەس بەشداربوون نوێژی قوداسی لەگەڵ مەسیحیەکان ئەنجامدا.

بەپێی بەرنامەی سەردانەکەی پاپا سبەینێ لە فڕۆکەخانەی نێوەدەوڵەتی بەغدا ڕێوەڕەسمی ماڵئاوای بۆ رێکدەخرێت و دەگەڕێتەوە بۆ ڤاتیکان.

پاپا فرەنسیس ماوەی سێ رۆژە سەردانی عێراقی کردوە و ئەوەش یەکەم سەردانی پاپای مەسیحیەکانە بۆ عێراق بۆیە بەسەردانێکی مێژووی دادەندرێت.


ڕیکلام