باوکی ئالان کوردی چی پێشکەشی پاپا کرد؟

  2021-03-07  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئێوارەی ئەمڕۆ لە یاریگای فرەنسۆ هەریری عەبدوڵا کوردی باوکی ئالانی تەمەن سێ ساڵ کە ساڵی 2015 لە کەناراوەکانی تورکیا خنکا، چاوی بە پاپای ڤاتیکان کەوت و وێنەیەکی ئالانی پێشکەشکرد.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی ڤاتیکان نیوز پاپا گوێی لە ئازاری باوکی ئالان گرتووە کە بەهۆی لەدەستدانی کوڕەکەیەوە چەشتویەتی و خەمی قوڵی خۆی بۆ دەربڕیووە.

باوکی ئالانیش سوپاسی پاپای کرد کە کاتی خۆی پشتگیری لە کۆچبەران کردوە و لەهەمانکاتدا وێنەیەکی کێشراوی ئالانی کوڕی پێشکەشی پاپا کرد.

ئالانی تەمەن سێ ساڵ لە مانگی ئەیلولی 2015 وەک هەزاران خێزانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان و سوریا ویستیان لە تورکیاوە بچنە وڵاتانی ئەوروپا بەڵام بەلەمەکەیان تێکشکا و گیانی لەدەستدا.

دواتر وێنەی جەستەی ئالان کە لەنێو لمەکەدا بوو،بوو بە تراژیدیایەکی جیهانی و گوزارشتی لە کێشەو خەمی گەورەی کۆچبەران لە جیهان کرد.

دواتر تەرمی ئالان و برایەکەی و دایکی پێکەوە بەخاکسپێردران و چیرۆکەکەشی بوو بە بابەتی گەرمی سەرجەم وڵاتانی جیهان.

ئالان و خێزانەکی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان بوون و بەهۆی شەڕی ناوخۆی سوریا و نەهامەتی و ئاوارەبوونەوە ویستیان کۆچبکەن بۆ وڵاتانی ئەوروپا.

پاپا فرەنسیس پاپای ڤاتیکان ئەمڕۆ سەرلەبەیانی گەیشتە هەرێمی کوردستان و دوای پێشوازیکردنی لە فڕۆکەخانە سەردانی شاری موسڵ و ناحیەی قەرەقوشی کرد،دواتریش لە یاریگای فرەنسۆ هەریری ڕیوڕەسمێکی گەورەی بۆ ئەنجامدرا و پاشان ئێوارەی ئەمڕۆ گەڕایەوە بەغدا،بڕیارە سبەینێ کۆتایی بە گەشتەکەی بهێنێت و بگەڕێتەوە بۆ ڤاتیکان.

ئەو وێنەی ئالان کە باوکی پێشکەشی پاپای کرد.



ڕیکلام