کازمی: ئەوانەی بنکە سەربازییەکان دەکەنە ئامانج هیچ ئینتیمایەکیان بۆ عێراق نییە

  2021-03-03  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، ئەو گروپانەی هێرش دەکەنە سەر بنکە سەربازییە عێراقییەکان هیچ ئینتیمایەکی ڕاستەقینەیان بۆ عێراق نییە، ئاماژەی بەوەشکرد هێرشەکانیان لەژێر هەر ناوێکدا بێت بەهانەی نییە.

نوسینگەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ کازمی لە میانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی، گفتوگۆ کرا دەربارەی ئەو هێرشەی کە بەیانی ئەمڕۆ کرایە سەر بنکەی سەربازی عەین ئەسەد لە خۆرئاوای عێراق.

کازمی لە کۆبوونەوەکەدا دەربارەی هێرشەکە ڕایگەیاند، ئەو جۆرە هێرشانەی کە دەکرێتە سەر بنکە سەربازییە عێراقییەکان لەژێر هەر ناوێکدا بێت هیچ بەهانەیەکی نییە و زیان دەگەیەنێت بەو پێشکەوتنەی کە عێراق بەدیهیناوە، چ لەسەر ئاستی تیپەڕاندنی قەیرانی ئابوری بێت، یان ئەو ڕۆڵە گەشەسەندووەی کە وڵاتەکە دەیبینیت لە بەدیهێنانی ئاسایش و ئارامی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی.

بە گوێرەی بەیاننامەکە کازمی جەختیکردووەتەوە لەوەی دەزگا ئەمنییەکان بەڕوونی ڕاسپێردراون، بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی یەکلاکەرەوە لەبەرامبەر ئەو گروپە، بە هەر ناو و پەیامێکەوە بێت، کە لەژێر پەردەیەکی دۆرینەدا دەیانەوێت خۆیان ببەستن بە هێزە ئەمنییەکانەوە، بۆیە لێپرسینەوە لەو کەسانە کە هەر روویەکیان هەبێت، دەبێتە مایەی پاراستنی ناو و ناوبانگی هێزە ئەمنییەکانی عێراق.

کازمی جەختیکردووەتەوە، بەگوێرەی ئەو بەرپرسیارێتییەی کە لە ئەستۆیاندایە، پێویستە ڕێگە نەدەن هەژموونی چەک خۆی بسەپێنێت بەسەر هەژموونی دەوڵەتدا، دەبێت عێراق خۆی ڕزگار بکات لەناو ململانێ هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان.

داواشی لە سەرجەم هێزە سیاسییەکانی عێراق کرد، هەڵویستی ڕوون و ڕاشکاوانەی خۆیان بخەنەڕوو بۆ پشتیوانیکردن لە ئاراستەی کاری حکومەت لە چوارچێوەی پارێزگاریکردن لە گەل و دەوڵەت.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تیشکخراوەتە سەر سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی پاپای ڤاتیکان بۆ عێراقو ئامادەکارییەکان بۆ ئەو مەبەستە.

کۆبوونەکە سەردانەکەی پاپای بە مێژووی دانان بۆ زیاتر بەرقەرارکردنی ئاسایش و گەشەپیدان و پێشکەوتن، هەروەها دەبێتە مایەی بەهێزکردنی دەوڵەت  و مەرجەعیەتیش.

دەربارەی بوونی هێزە بیانییەکانیش لە عێراق، کازمی جەختیکردەوە، ئەو هێزانە لەسەر داخوازی حکومەتی عێراق لێرەن، ئەنجامی گفتوگۆکانیش لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بووەتە هۆی چوونە دەرەوەی لە ٦٠%ی ئەو هێزانە، ئەوەش بەرهەمی زیمانی گفتوگۆیە نەک زمانی چەک.



ڕیکلام