هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان سێ هێندە زیادیکردووە

  2021-03-13  | 
هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕۆژنامەیه‌كى سویدی لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژە بە زیادبوونی پێشێلکارییەکانی تورکیا بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان ‌و بەزاندنی سنوری ئاسمانی عێراق لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە دەکات بەمەبەستی هێرش کردنەسەر پەکەکە و دەڵێت، دەستدرێژییەکانی ئەنکەرە سێ هێندە زیادیکردووە.

رۆژنامەکە تۆمارێکی نهێنیشی بڵاوکردۆتەوە کە بەغدا ڕادەستی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە، بەپێی ئەوە لەساڵی 2017وه‌ پێشێلکارییەکانی تورکیا سێ قات زیادیانکردووە.

ڕۆژنامەی "نۆدریک مۆنیتۆر"ی سویدی لە راپۆرتەکەیدا باسی لەوەکردوە کە، پێشێلکارییە بەردەوامەکانی تورکیا لەشێوەی دروستکردنی بنکەی سەربازیی، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی، بۆردومانکردنی خاکی هەرێمی کوردستان، هاتنەناوەوەی فڕۆکەی جەنگیی تورکی بۆناو سنوری ئاسمانی عێراق، بەغدای ناچارکردووە، لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سکاڵا لەدژی تورکیا تۆماربکات .

ئاشکراشیکردووە، محەمەد حسێن بەحرلعلوم، باڵیۆزی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەنامەیەکدا کە لە16ی حوزەیرانی 2019 ئاڕاستەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکانی کردوە، دەڵێت:"بۆردومانی خاکی عێراق لەلایەن تورکیاوە و بوونی هێزی سەربازی لەناو خاکی عێراق بەبیانووی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا، پێشێلکردنی سەروەری عێراق‌ و پرەنسیپەکانی دراوسێیەتی باشە ".

بەپێی ئەو تۆمارانە، تورکیا لەنێوان 1ی ئابی  2017و 15ی کانوونی یەکەمی 2018دا سێ هەزار و 356 جار پێشێلکاری دژ بەخاک ‌و ئاسمانی هەرێمی کوردستان، واتە بەتێکڕایی نزیکەی حەوت پێشێلکاریی لەڕۆژێکدا .

هەروەک ژمارەی پێشێلکارییەکان لەنێوان 1ی کانونی یەکەمی 2018و 4ی کانونی یەکەمی 2019 بۆ سێ هەزار و  523 پێشێلکاریی بەرزبۆتەوە، کە تێکڕای ڕۆژانە نزیکەی 10 سەرپێچی دەکات .

باس لەوەشکراوە، لەنێوان 13ی تەمموزی 2020 تا 7ی کانونی دوەمی 2021، ژمارەی پێشێلکارییەکانی تورکیا زۆر زیادیانکردووە و گەیشتۆتە چوار هەزار و 68 پێشێلکاریی، کە لەڕۆژێکدا بەنزیکەی 23 پێشێلکاری بووە، ئەمەش بەو مانایە دێت کە تورکیا لەمانگی ئابی 2017وە پێشێلکارییەکانی بۆ سەر سنورەکانی هەرێمی کوردستان و ئاسمانی عێراق سێ هێندە کردووە .

بەپێی ڕاپۆرتەکە، پاساوی حکومەتی تورکیا بۆ پیشێلکارییە بەردەوامەکانی بریتییە لە بێتوانایی عێراق لەمامەڵەکردن لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەسەر خاکەکەی کە بەسەرچاوەی هەڕەشە بۆسەر سەقامگیریی ‌و ئاسایشی تورکیا لەقەڵەمی دەدات.



ڕیکلام