وەزیری بەرگری تورکیا: لە خواکوڕک و قەندیل 25 گەریلامان کوشت

  2021-03-09  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری بەرگری تورکیا ڕایگەیاند لە ئۆپراسیۆنێکدا لە چیاکانی خواکوڕک و قەندیل 25 گەریلای پەکەکەیان شەهیدکردوە کە یەکێکیان سەرکردەیە و لە دەستەی بەڕێوەبەرییە.

ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکیا ڕایگەیاند خلوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا لەلێدوانێکدا لە ڕۆمانیا ڕایگەیاندوە ئێمە گەلەکەمان لە تیرۆر رزگاردەکەین و هەتا دواین گەریلا بمێنێت شەڕ دەکەین، ناهێڵین پەکەکە لە هیچ شوێنێک هەست بە ئارامی بکات.

ئەوە لەکاتێکدایە هێشتا میدیاکانی پەکەکە هیچ زانیارییەکیان لەسەر شەهیدبوونی ئەو ژمارە گەریلایە بڵاونەکردۆتەوە و نازاندرێت تا چەند ڕاستە.

لەماوەی 10 ی مانگی ڕابردوو سوپای تورکیا ئۆپراسیۆنی چنگی هەڵۆی دووی بۆ سەر چیای گارە دەستپێکرد و شەڕەکە ماوەی چوار رۆژ بەردەوامبوو، لە ئەنجامدا بەپێی ڕاگەیەندراوی پەکەکە 15 گەریلا شەهیدبوون و 37 سەربازی تورکیاش کوژراون، هەروەک دوو گەریلاش لەلایەن تورکیاوە بەدیل گیراون .

بەڵام تورکیا رایگەیاند 48 گەریلایان کوشتووە و لەبەرامبەردا سێ سەربازیان لێ کوژراوە.

لەشەڕی گارەدا 13 دیلی سوپای تورکیا کە لەلای پەکەکەبوون کوژران و هەتا ئێستاش هەم تورکیا وهەم پەکەکە یەکتر بە کوشتنی دیلەکان تۆمەتباردەکەن.



ڕیکلام