کۆڵبەرێکی کورد لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی تورکیا گیانی لەدەستدا

  2021-03-13  | 
رۆژهەڵاتی کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هاوڵاتییەکی کوردی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتی کۆڵبەریدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستبەسەرکرا و لەژێر ئەشکەنجەی ئەو هێزانەدا گیانی لەدەستدا .

بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی دوێنێ هەینی ١٢ی٣ی٢٠٢١، هێزە چەکدارەکانی تورکیا لە سنووری قوتوور سەربەناوچەی "خۆی" لە پارێزگای ورمێ ژمارەیەک کۆڵبەریان دەستبەسەر کردووە و یەکێک لەو کۆڵبەرانە لەژێر ئەشکەنجە و لە ئاکامی لێدانی ئەو هێزانەدا گیانی لەدەستداوە .

ئاشکراشی کردووە، ناوی ئەو کۆڵبەرە بورهان محەممەدی و تەمەنی ٢٣ ساڵ بووە کە لە سنووری گوندی گواری قوتوور دەستبەسەر کراوە و کوژراوە .

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەیەوە رایگەیاندووە، تاوەکو ئێستاش تەرمی ئەو کۆڵبەرە لای هێزەکانی تورکیا ماوەتەوە و بنەماڵەکەی بە هۆی داخستنی سنوورەکان نەیانتوانیوە بچنە نێو خاکی تورکیاوە و تەرمی رۆڵەکەیان وەربگرنەوە .

هەنگاو ئاماژەی بەوەشکردووە کە هێزە ئەمنییەکانی تورکیا، دەستیشیان بەسەر لانیکەم ١٠ سەر ئەسپی کاسبکارانی کوردی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستاندا گرتووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، هەر لە هەفتەی رابردوودا دوو کۆڵبەری دیکە لە سنوورەکانی نەوسوود و شاری بانەی سەر بەپارێزگای سنە، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران برینداربوون.


ڕیکلام