بانکی ناوەندیی عێراق بڕی یەدەگی دراوی بیانی خۆی ئاشکرا کرد

  2021-03-16  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بانکی ناوەندیی عێراق کۆی یەدەگی دراوی بیانی لە بانکەکە ئاشکرا کرد، کە دەگاتە نزیکەی ٥٦ ملیار دۆلاری نەختینە.

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە بانکی ناوەندیی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی سەباحی فەرمی حکومەت ڕایگەیاند، بڕی یەدەگی نەختینەی پارەی بیانی تا ئێستاش لە سنوری پێویستدایە، بەڵام کۆی یەدەگ لە پارەی بیانی لە ساڵی ٢٠٢٠دا بە ڕێژەی لە ٢٠% کەمبووەتەوە.

سەرچاوەکەی بانکی ناوەندیی ئاماژەی بەوەشکرد، بڕی زێڕ لە بانکەکە نزیک دەبێتەوە لە ٥ ملیار و ٧٠٣ ملیۆن دۆلار، لەبەر ڕۆشنایی قەیرانی ئێستاش هیچ پلانێک نییە بۆ زیادکردنی وەبەرهێنان لە زێڕدا.

ڕوونیشیکردەوە، دراوی یوانی چین، یەکێکە لەو دراوانەی کە لە چوارچێوەی یەدەگی دراوە بیانییەکاندایە.

لە درێژەی وتەکانیدا ئەو لێپرسراوەی بانکی ناوەندیی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، بانکی ناوەندی عێراق پارێزگاری دەکات لە جێگیرکردنی نرخی بەهای فرۆشتن لە بازاڕەکاندا، ئەویش لەڕێگەی بەکارهێنانی چەندین ڕێوشوێنی نەختینەی جیاواز، لە گرنگترینیان فڕۆشتنی دراوی بیانییە، بە مەبەستی کۆمەککردن بە هاوردەکردنی کەلوپەل وخزمەتگوزارییەکان.

لە کۆتایی وتەکانیدا سەرچاوەکەی بانکی ناوەندیی ئاماژەی بەوەکرد، هۆکاری پاشەکشەی نرخی دۆلار لە بازاڕەکاندا، بە تایبەت لە مانگی ڕابردوودا لەو نرخەی کە لە لایەن بانکی ناوەندییەوە بۆی دیاریکراوە دەگەڕێتەوە بۆ، دابەزینی نرخی فرۆشتنی دۆلار لە بازاڕە ناوخۆییەکان لەو نرخەی بە فەرمی کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بۆی دیاریکراوە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی نرخی فرۆشتن لە سەرەتاوە بووە شۆکێک بۆ بازاڕە ناوخۆییەکان، بۆیە پێویستی بە ماوەیەک بوو بۆ خۆگونجاندن، بە تایبەت لەناو بازاڕ و بازرگانەکانی تاک و کۆ و یەکلاکردنەوەی حساباتی بازرگانەکان لەگەڵ بانکەکان، کە وایکرد ڕێژەی هاوردە کە بە دۆلارە کەمبێتەوە، لە کۆتایشدا خواست لەسەر دراوی بیانی کەمبۆوە و ئەوەش کاریگەریی لەسەر نرخەکەی دروستکرد لە بازاڕی ناوخۆیدا.

 



ڕیکلام