حەمەسوار عەزیز
پاش ئەوەى لە ماوەى رابردوودا دراماى کوردى بەشێوەیەک لە شێوەکان، لە ڕێگەى چەند کارێکى درامییەوە، درزێکى گەورەى خستە نێوان بینەرى کوردى و دراماى کوردى، بەشێوەیەک وایکرد زۆرێک لە بینەرانى دراماى کوردى بێئومێد بن لەو درامایانەى کە بەناوى دراماى کوردییەوە پەخش دەکرێن و هیچ کۆنتاکێکان بە کۆمەڵگەى کوردى و ئاریشەو کێشمەکێشەکانى نێو ئەو کۆمەڵگایە نەبووەونییە، لەو کاتەدا دەرهێنەرو سیناریستێکى هێمن و وشیار، بیر لەوە دەکاتەوە جارێکى تر کارێکى درامى دروست بکات و پەیوەندى نێوان بینەرو دراماى کوردى بەشێوەیەکى هاوسەنگتر دابڕێژێتەوە، لەو کاتەدا، بە ستافیکى لۆکاڵى و بوودجەیەکى زۆر هەژار، دراماى چەرخ و فەلەک دێتە بەرهەم وەک یەکەمى کارى درامى سینارێست و دەرهێنەر بیلال شاکر .
لەراستییدا کارێکى ئاسان نییەو سەرکێشیەکى گەورەیە تۆ لەساتێکدا درامایەک پەخش بکەیت، کە زۆرینەیەکى ڕەهاى بینەرەکەت، وەک ئەوەى کۆنگرەیەکیان بەستبێت، بڕیارى ئەوەیان دابێت کە ئیتر دراماى کوردى بایکۆت بکەن و کات بەو کارە شلۆقانە نەکوژن کە بەنێوی دراماى کوردى و دراماى کوردى مۆدێرن دەرخواردى بینەرى کوردى دەدەن، بۆیە کارێکى ئاسایی بوو کە ئەڵقە سەرەتاییەکانى ئەم درامایە نەبووە جێگەى سەرنج، چونکە بەشێکى زۆرى بینەرى کورد پەرۆشى بینینى دراماى کوردى لەدەستدا بوو، لە سەرەتادا کێرڤى بینیى ئەم درامایە لە ئاستێکى باشدا نەبوو، بەڵام دواى تێپەڕبوونى چەند ئەڵقەیەک ئیتر رۆژ بە رۆژ کێرڤى بینەرانى ئەو درامایە بەرز دەبێتەوە تا ئەو ڕادەیەى لەدواى ئەڵقەى دەوە، دیمەن و گرتەکانى ئەو درامایە بوو بە بابەتى سەرەکى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سەرنجى خەڵکیکى زیاترى بۆ لاى خۆى ڕاکێشا .
پرسیارى گەورەیە ئەوەیە بۆ لەو کەشە ناتەندروستە درامایەکى کوردى دەتوانێت بایکۆتى ڕیژەیی بینەرى کورد بۆ دراما بشکێنێت و جارێکى تر بگەڕێتەوە بەردەم شاشەیەکى کوردى و ببێتەوە بە بینەرێکى پەرۆشى دراماى کوردى؟
هیوام وایە وەڵامى بەشێکى ئەم پرسیارە لەم وتارەى بەندەو ئەو نوسینانەى کە لە ئێستا و داهاتوو لەسەر ئەو درامایە نوسراوەو دەنوسرێت، وەربگرینەوە، قسەکردنیش لەسەر ئەو درامایە رووبەرێکى باشە بۆ ئەوەى لە وتارێکى بەراووردکارى و شڕۆڤەکارییدا لە هەردوو رووبەرى کۆمەڵایەتى و ئێستاتیکى ئەو درامایە بکۆڵینەوەو بنەماکانى سەرکەوتن و نوشستى ئەم کارە درامییەو ئەم تەرزە درامایە تاوتوێ بکەین .
بونیادى جیاوازى ئەم درامایە چییە؟
یەکەم بونیادى جیاواز لەم درامایە کە بەر بینەر دەکەوێت، تەرزى دراماکەیە، ئەم درامایە هەوڵدەدات بە تەرزێکى جیاواز و بە تەرحێکى جیاوازتر لە شێوەو هزردا، درامایەکى کۆمەڵایەتى ، پەروەردەیی و فێرکارى کۆمیدى بەرهەم بێنێت، تەرزێک کە لەسەر جۆرێکى جیاوازى کۆمیدیا بونیاد دەنرێت، بۆیە لەم درامایە کۆمیدیا، کۆمیدیاى ئەکتەر نییە بەشێوەیەکى سەرەکى وەک ئەوەى ئێمە پێی ڕاهاتووین، لەم درامایە کۆمیدیا کۆمیدیاى سینارێست و دەرهێنەرەو ئەکتەریش دەتوانێت لەو سیاقە کۆمیدییەى کە سیناریۆو دیدگاى دەرهێنەر رێگەیان پێداوە، توانا کۆمیدییەکانى خۆى بەرجەستە بکات، لەم درامایە ئەوەى کۆمیدیا بەرهەم دێنێت، ئەکتەر نییەو سیناریست و دەرهێنەرە، بۆیە کارێکى ئاساییە لەم کارەدا کە کۆمەڵە ئەکتەرێک لە فۆرمێکى کۆمیدى دەرکەون، کە پێشتر بەو شێوە نەدەناسرانەوە، نمونەش لەم درامایە وەک هەریەک لە (جەبار مەعروف-هاوار، کەریمۆک غەفوور¬-شەماڵ، زاهیر عەلى-باپیرە، ئیدریس رەواندزى-ئەفسەر، میدیا زەندى-نازەنین، مەها بیتسیلۆت-ساینا ).
هەڵبژاردنى سینارێست بۆ ئەو چیڕۆکە، کە کەسێک تووشى رووداوێک دەبێت و پاش بیست ساڵ بە ئاگادێتەوە، کارێکى یەکجار زیرەکانەیە بۆ ئەوەى بتوانێت لەو رووبەرە فەنتازییە گوتارى کۆمیدى و پەروەردەیی و فێرکارى دراما دابڕێژێت، ئەم چیڕۆکە و ئەو رەهەندە فەنتازییەى کە کەسێک بیست ساڵ بێ هۆش دەبێت و دواتر لە سەردەمێکى تردا بە ئاگادێتەوە کە زۆرێک لە پڕەنسیبەکانى ژیان و رەهەندە کۆمەلایەتییەکان گۆڕاون و تەکنەلۆژیاش دەروازەیەکى یەکجار فراوانى بەسەر ژیان و مرۆڤدا کردۆتەوە، ئەم فەزایە وادەکات بونیاتنانى گوتارى کۆمیدیا هەم ئاسانتر بێت و هەمیش مەعقوڵ و لۆژیکى بێت، چونکە بەشێکى زۆر گوتارى کۆمیدیا لەسەر تێپەڕاندنى مەعقول و بەرکەوتنە بە نامەعقوڵ، بۆیە لێرەدا سینارێست پاساوێکى پێشوەختەى داوە بەو رووبەرە نامەعقولانەى کە دراماکەو کارەکتەرەکانى بەریدەکەون، ئەویش مەسەلەى بێ هۆش بوونى ئاسۆیە بۆ بیست ساڵ، لەمەش زیاتر لەنێو ماڵیشدا کارەکتەرێکى ترى بەو تایبەتمەندییە دروستکردووە، ئەویش کارەکتەرى باپیرەیە کە توشى نەخۆشى زەهایمەر بووە، ئەمەش دەروازەیەکى ترى دروستکردنى کۆمیدیایەکى تایبەتە لەنێو دراماکە کە پاساوى لۆژیکى و مەعقوڵى هەیە، هەرچەندە بە تێڕوانینى من دەرهێنەر وەک پێویست سوودى لە کارەکتەرى دووەم وەرنەگرتووەو هیوام وایە ئەگەر ئەم درامایە بەشى دووەمى هەبێت، زیاتر سوود لەو پانتاییە نامەعقوڵە وەربگرێت کە نەخۆشى زەهایمەر فەراهەمى دەکات بۆ دروستکردنى گوتارى کۆمیدى لە دراما .
گوتارى کۆمیدى لەم درامایە بەهیچ شێوەیەک بەر تەهریج و بەزۆر پێکەنینى بینەر ناکەوێت، فاکتەرى یەکەمى ئەمەش ئەوەیە کە باسم کرد، سروشتى چیڕۆکى دراماکە دەتوانێت هەڵگرى گوتارى کۆمیدیا بێت بێ ئەوەى بچێتە لێوارى تەهریج، هۆکارى دووەم شێوازى بونیاتنانى گوتارى کۆمیدیى دراماکە لەسەر هەڵوێست و بەرکەوتنى کردارو بیرکردنەوەى کارەکتەرەکان بونیاتنراوە، نەوەکو تواناى ئەکتەرەکان بۆ ئەوەى دیالۆگى ئاسایی بکەن بە دیالۆکى کۆمیدى، لەم درامایە دیالۆگى ئاسایی چونکە پشت ئەستوورە بە هەڵویستى کۆمیدى، دەتوانێت کۆمیدیا دروست بکات بێ ئەوەى پێویستى بە ئەکتەرى کۆمیدى سوپەرستار بێت، بێگومان ئەم کارە لە بونیادى دراماى تر کە ئەو بونیادو چنینەى نەبێت ناتوانێت ئەو کۆمیدیایە دروست بکات، تەنها لە رێگەى ئەکتەرى کۆمیدى سوپەرستارەوە نەبێت، ئەگەر ئەو جۆرە ئەکتەرەش بەردەست نەبێت، ئەوە هەر هەوڵدانێک بۆ بە کۆمیدیکردنى دیالۆَگى ئاسایی لە لایەن ئەکتەرەوە، دەچێتە رووبەرى تەهریج و خەڵەتاندن و خۆبەگەمژەکردن، وەک ئەوەى لە زۆرێک لەو بەرنامە تیڤییانە دەبینرێت کە بەناوى کۆمیدیاوە پێشکەش دەکرێن .
رووبەرێکى ترى گرنگ لەم درامایە کارکردنە لەسەر پرسە کۆمەڵایەتى و پەروەردەییەکان، بێ ئەوەى بچێتە رووبەرى نەسیحەتکارى و گوتارى راستەوخۆو شیعاراتى سادە کە بونیادى کارى هونەرى هەڵدەتەکێنن، بیرکردنەوەى سینارێست و دەرهێنەر لە گەڕانەوە بۆ ئەو بەها کۆمەڵایەتییانەى کە لە پڕۆسەى بەناو پێشکەوتن و گواستنەوە بۆ قۆناغى درۆزنى شار لەدەستماندا، وایکردووە دراماکە پڕبێت لە وانەى پەروەردەیی گرنگ بۆ گەورەو بچووک، بۆ پیاوو ژن، بێ ئەوەى ئەو هەستەمان لادروست بێت کە ئەم گوتارە رووکارێکى ساختەى هەیە، چونکە لە رێگەى دونیاى پڕ بەرائەتى مناڵ ئەو گوتارە بەرمان دەکەوێت، ئەمەش وادەکات لەڕووى سایکۆلۆژییەوە ئامادەیی زیاترمان تیابێت بۆ وەرگرتنى ئەو گوتارە گرنگە .
من دڵنیام دواى بینینى ئەم درامایە بەشێکى زۆرمان شەرم لەوە دەکەین لەناو سەیارەکانمان شت فڕێبدەینە سەر شەقام، یا ئاو زیاد بەفیڕۆ بدەین، یا ژینگە پیس بکەین، یا بیر لە تۆلەو خراپەرکارى بکەینەوە، یان و دەیان یانى پەروەردەیی و فێرکارى کە ئەم درامایە هەڵیگرتووە، خودى ئەو دوودڵیەش کە وادەکات جارێکى تر شەرم لەو کردەوانە بکەینەوە، پەیامێکى گرنگى ئەو درامایەو تا ئێرە پێکاویەتى .
لەمەش گرنگتر لەم درامایە ئەوە بوو توانى بە جوانییە سادەکانى ژیان ئاشتمان بکاتەوە، لەنێو ئەم جەنگڵستانەى کێبڕکێی خانووى جوان و سەیارە گرانبەها و دەیان شێوەگەرایی بەتاڵ لە مەعریفە، خەریکبوو جوانییە سادەکانى ژیان وون بکەین، لەم درامایە جارێکى تر فۆکەس دەخرێتە سەر ئەو جوانییە سادانە، چایەکى شیرینى ئیسکان، پیاسەیەکى هێمنى ناوپاڕک، دیالۆگ لەگەل بەرخۆڵەیەکى چاوڕەش، عەشقێکى سادەى پڕ هەورازو نشیو، یارمەتیدانى هاوڕێیەک، کۆبوونەوەى هاوڕێیان، یارمەتیدانى ئەوانیتر، پۆستێکى پڕ ئاشتەوایی موحیبەتى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە ئەنجام گەیاندنى کارێکى باش، خۆشەویستى مرۆڤ و خاک، فیرَبوون و زانست، هەستکردن بە ئەوانیتر، ئەرک و ماف،خۆشەویستى وڵات و ژینگە .
چێژ و جوانى لە چەرخ و فەلەک :
لە فەلسەفەى کلاسیکدا ئەوەى مرۆڤ لە گیانەوەرى تر جیادەکاتەوە سێ بەهاى زۆر گرنگ و سەرەکین کە دەبێ لە مرۆڤدا هەبێ، ئەوانیش بەهاکانى (حەق ، چاکە، جوانى) ن، سوقرات پێیوایە جوانى ئەوەیە کە زیاتر سوودى بۆ مرۆڤ هەیە، ئەفلاتۆن جوانى بەو تەزووە لەرزێنەرە (رعشە) دەبینێت کە بەلەشى مرۆڤدا گوزەر دەکات کاتێ بەریدەکەوێت و ئەو شتەیە کە دەمبانیات بۆ جیهانى خوداو میسالیەت، لە هەمووى گرنگتر ئەرستۆ پێیوایە جوانى ئەو شتەیە کە هارمۆنیەت و هەماهەنگى لەنێوان بەشەکانیدا هەیە و قەبارەیەکى دیاریکراوى هەیە، بێگومان دەیان ڕوانینى کۆن و تازە بۆ جوانى هەیە کە هەموو بەهاکانى (چاکە، سوود، کرداری باش، تەواوکارى، چێژ، خۆشى بەخشین) هەموو ئەمانە بە تیۆرى جوانى دەبەستێتەوەو جوان ئەوەیە کە بتوانێت ئەم بەهایانە لە مرۆڤ زیندووبکاتەوە .
ئەگەر لەژێر سایەى ئەم روانینە هزرى و فەلسەفییە لە دراماى (چەرخ و فەلەک ) بڕوانین، دەبینین هەموو قسەکردنى ئێمە لەسەر سیناریۆو دەرهێنان و وێنەگرتن و مۆنتاژ و تەکنیکە جیاوازەکانى دروستکردنى دراما، قسەکردنە لەسەر ئەو هارمۆنیەتەى کە ئەڕستۆ پێیوایە دەبێ لەنێو جوانیدا هەبێت، کەواتە ئەوەى بۆ بینەر گرنگە لە کردارەکانى وێنەگرتن و مۆنتاژ و گۆشەو جولەى کامیرا و ئێفێکتە جیاوازى دەنگ و ڕەنگ و ریتم، تەنها و تەنها ئەو هارمۆنیەتەیە کە دەتوانێت بە بەستنەوەى هەموو ئەو ڕەگەزانە جوانى بە بینەر ببەخشێت، بۆیە بۆ بینەرێکى ئاسایی وەک ئێمە گۆشەى کامیرا گرنگ نییە چۆن بەکاربراوە ئەگەر نەتوانێت لەنێو یەکەى دراماکە ئەو هارمۆنیەتە دروست بکات کە جوانى بە بینەر ببەخشێت، هەموو رەگەزەکانى تریش بە هەمان پێوەر لە دراما مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت، بایەخى هەر رەگەزێک لەم رەگەزانەى کە دراما دروستدەکەن، لەوە سەرچاوە دەگرێت تا چەند دەتوانن لەنێو کایەى دراماکە ئەو هارمۆنیەتە گشتییە دروست بکەن کە چێژ و جوانى بە بینەر ببەخشێت، بینەر چ چێژێک لە گۆشەیەکى جوانى کامیرا دەبینێت ئەگەر ئەکتەرەکانى نێو ئەم گرتەیە ئەدایەکى خراپ و پڕ کەموکوڕییان هەبێت، بینەر چى لە مۆنتاژێکى داهێنەرانەى جوان و پێرفێکت بکات، ئەگەر سیناریۆى کارەکە جێگەى قەناعەتى ئەو نەبێت، بینەر چى لە ئەدایەکى بەرزى ئەکتەر بکات، ئەگەر بە تەکنیکی زۆر لاوازو پەرپوت بەرهەم هاتبێت، کەواتە جوانى و چێژ بەرهەمى ئەو هارمۆنیەتەن کە هەموو ئەم ڕەگەزانە بەیەکەوە دروستى دەکەن، بۆیە لەم درامایە کاتێ باس لە چێژ و ئێستاتیکاى دراماکە دەکەین، ئەوە بەشێوەیەکى ناڕاستەوخۆ باسى هەموو ئەو ڕەگەزە تەکنیکییەکانە دەکەین کە هەماهەنگن لە بەرهەمهێنانى ئەم درامایەو هەر ئاماژەیەک بەجوانی و چێژ لەم درامایەو یا لە هەر کارێکى هونەرى، ئاماژەیەکى ناڕاستەوخۆیە بەو ڕەگەزانەى کە هاوبەش و هەماهەنگن لە دروستکردنى ، بۆیە دراماى چەرخ و فەلەک کە دەتوانێت چێژمان پێ ببەخشێت و هەڵوەستەى جوانیمان پێ بکات، ئەوە بێگومان ئەم کارە تەنها لە خودى سیناریۆو دەرهێنان و ئەداى ئەکتەرەوە سەرچاوەى نەگرتووە، هەرچەندە ئەوانە رەگەزى سەرەکى و بنەڕەتى دروستکردنى درامان، بەڵکو ئەوە ماناى ئەوەیە کە ئەم درامایە لە پاڵ ئەو رەگەزە بەهێزانەى کە باسمانکرد، لە لایەنى تریشەوە کارى داهێنەرانەى تیا کراوە، وەک وێنەگرتن و مۆنتاژو کاستینگ و بەرهەمهینان وجلوبەرگ و ماکیاژ و دەنگ و راکوار و مۆسیقا و روناکى و ئیفێکتە دەنگى و رەنگییەکان و ماسترینگ و هەموو ووردەکارییەکانى تر کە بەشدارو کاریگەرن لە دروستکردنى وێنە و دەنگ و رەنگ لە کارى دراما.