ڕووداوی سروشتی و کارەساتی لێدوان بەناوی خواوە

ئەبوبەکر کاروانی

نووسەر و کاردی یەکگرتوی ئیسلامی
  08/02/2023  |    1335 جار خوێندراوەتەوە
بەداخەوە زۆ رجار و لای ھەندێ کەس، ڕوودانی کارەساتی سروشتی و لەوانەش بوومەلەرزە، بە غەزەبلێگرتنی خوا لێکدەدرێتەوە؟! کە بە بڕوای ئێمە ئەم جۆرە بیرکردنەوە دەچێتە چوارچێوەی لێدوان بەناوی خوای گەورەوە، تەنانەت بەدەر لە تۆمەتبارکردنی نیازی ھیچ کەس، شتی ناەوا دانە پاڵی!
لەو سۆنگەوە کەس  مافی لێدوانی بەناوی خواوە نییە.  کەرەسەی پەیوەندیکردنی بە خواشەوە لەبەردەست نییە، تا جورئەتی ئەوە بەخۆی بدات بەناوی ئەوەوە لێدوان بدات. لەکاتێکدا ئێمە لەچاخی دوای ھاتنی دوایەمین پێغەمبەری خوادا (د.خ) دەژین. تێگەیشتنی ھیچ کەسێک بۆ دەقی خوایی و لێکدانەوەی بۆ ڕووداوێکی دیاریکراو لەو چوارچێوەدا، ھەرچەند زانا بێت، بەحوکمی مەحکومبوونی بە کات و شوێن و سنورداری عەقڵ و پێشگریمانەکانی تێگەیشتن، یەکسان نییە بە بڕیار و مەبەستی پەروەردگار. ئەمەی پێشەوە لە ڕوانگەی ئیسلامییەوە ھاوشێوەی بەڵگە نەویستە. وێنایەکی لەم جۆرەش بۆ خوا ئەخلاقی و فیتری نییە. ڕەنگدانەوەی ناسینی خودا نییە لە ڕوانگەی ناوە پیرۆزەکانییەوە.
 لەڕاستیشدا دەبووا دەمێك بێت، لەوە بووبینەوە، کە خوای گەورە لەڕێی کۆمەڵێ ڕێسای چەسپاوەوە سروشت و گەردوون و ژیان بەڕێوەدەبات، لەوانەش ئەو ئەستێرەی خۆمانی تێدا دەژین. ڕێساگەلێك کە قابیلی لێکتێگەیشتن و دۆزینەوەوو ناسینی جۆری کارکردنیانن، زانستی نوێش ھەرئەوەی کردووە، چونکە ئەم جۆرە وێناکردنەی خواو بەستنەوەی بەو ڕووداوە سروشتیانەی دەستی مرۆڤیان تێدا نییە، ئاماژەیە بە لاوازییەکی کوشندەی ھوشیاری سوننەنی لەناو بەشێ لە ناوەندە دینییەکەدا. ئەوەش ڕەنگدانەوەی خراپی لێدەکەوێتەوە لەوانەش:
 ١- خراپەدان پاڵ خوای میھرەبان و شێواندنی شێوەی خۆنیشاندان و دەسەڵات و گەورەیی خۆی خستنەڕوو بۆ بەندەکانی.
٢- کەمکردنەوەی ھەستی ھاوسۆزی لەگەڵ کارەساتبارەکان، بەحوکمی ئەوەی، ئەو جۆرە لێکدانەوە لە قوربانی و لێقەوماوەوە، دەیانکات بە تاوانبار و سزادراوی  تورەیی خوای گەورە!! 
٣-  تێنەگەیشتنە لەو ڕاستیەی کە خودا لەم دنیایەدا  سزای ھیچ کەس لەسەر باوەڕنەھێنان و گوناھکردن نادات لێپرسینەوەی لەو شتانە بۆ ڕۆژی دووایی ھەڵگرتووە.  
ھەربۆیە ئەگەر لەڕواڵەتدا سزایەکی لەو جۆرە ھەبێت و ھەستیپێبکرێت، بەھۆی سەرپێچیکردنی مرۆڤەکانەوەیە لە ڕێساو سووننەتەکانی خوای گەورە لە بووندا. بۆ نموونە بەھۆی چاوچنۆکی و بە نائەخلاقی بەکارھێنانی سەرچاوە سروشتیەکان لەلایەن مرۆڤەوە، کێشە بۆ بەرگە ھەوا دروست بێت، پلەی گەرمی بەرزببێتەوەو ژینگەی سروشتی بەرەو وێرانی بچێت و ھەل و مەرجەکانی ژیانکردنی مرۆڤ بەرەو نەمان بچێت، یاخود توغیان و خۆ بەخوا بینینی مرۆڤ بگاتە ئاستێ بە چەکی کۆکوژو ھاوشێوەکانی بڕیاری خۆکوژی بدات.
بۆیە ھیوادارم ئەم ھوشیاریە دینییە شێواوە درێژەی نەبێت چونکە یەکێ لە وەزیفە ھەرە گەورەکانی دین، بەزیندووھێشتنەوەی ویژدان و ھاوسۆزی لەگەڵ خەڵکی لێقەوماو و بەھاناوەچوونیان و تەقاندنەوەی سەرچاوەی ھەست بە برایەتی دینی و نەتەوەیی و ئینسانییە. ھەوڵدانە بۆ کەمکردنەوەی غەم و پەژارەی ئازار چەشتووەکان و دڵدانەوەیان و ئومێدەوارکردنیان بە سۆز و میھرەبانی و کۆمەکی پەروەردگار. بۆیە کاتی ئەوە ھاتووە لە پێغەمبەرەوە زیاتر فێربین کاتێك دەفەرموێت (شایەتی دەدەم کە بەندەکانی خودا ھەموویان بران) چونکە لە بنەرەتدا ھاوباوان و کوڕ و کچی یەك بنەماڵەی مرۆڤایەتی ھاوبەشن، لەسەر بناغەی ئەو فەرموودەش کە دەفەرمووێت دراوسێی موسوڵمان و خزم، سێ مافی بەسەرتەوەھەیە: مافی موسوڵمان بوون و خزمبوون و دراوسێیەتی. خۆ ئەگەر ناموسوڵمان و ناخزم بێت مافی دراوسێیەتی لە شوێنی خۆی دەمێنێت.
 زۆرینەی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی ئەم جارەش لە تورکیاو سوریاو کوردستانی باکوور و ڕۆئاوا، مافی کوردبوون و موسوڵمانبوون و مرۆڤبوون و دراوسێیەتیشیان بەسەرمانەوە ھەیە.ئەوانەی کوردیش نین سێ مافەکەی تر و ناموسوڵمانەکانیش لە ئینسانییەتدا براو لەڕووی جوگرافیشەوە دراوسێمانن و ئەو دوو مافەیان پارێزراوە.
زیاتر