کۆمەڵگەی کوردی و کۆیلایەتی

ئەبوبەکر کاروانی

نووسەر و کاردی یەکگرتوی ئیسلامی
  06/01/2023  |    409 جار خوێندراوەتەوە

مێژوو یاداوەری ئێمە، سەدان ساڵ پێش جاڕدانی ڕزگاری کۆیلایەتی لەخۆرئاوا،کەلە ئەمەریکا تاساڵی ١٨٥٦ دوواکەوت،لەھەر بوونێکی ھەستپێکراوی کۆمەڵایەتیانەی کۆیلە چۆڵە. کەھەق وایە ئەم بابەتە خوێندنەوەی زانستیی بۆ بکرێت وزیاتر تیشکی بخرێتە سەرو وەک تایبەتمەندییەکی ئاینی و کەلتوری ومێژوویی ڕۆح وچڤاتی کورد لێیبڕوانرێت وشیکردنەوەو خوێندنەوەی بۆ بکرێت.

لەدنیای نوێشدا، خەباتی نەپچراوەی کورد لەپێناو ئازادیدا، خەبات بووە دژ بە ئاماژەکانی کەلتوری کۆیلایەتی ودرێژەدان بەو ڕۆحە نەتەوەییە.

ئەگەر کۆیلەش لەجەوھەردا ئاماژە بێت بە کڕین و فرۆشتن و قسە نەبوون دەربارەی چارەنوسی خۆت و بەناچاری ملدان بە دۆخە نەخوازراوەکان ولاوازی ئیرادە،

ئەوا زەقترین رەنگدانەوەی لەدنیای نوێدا، ئەودەیان ملیۆن ئافرەتەن کاری لەشفرۆشی و بازرگانی بەجەستەیانەوە دەکرێت، کە بەداخەوە پایتەختەکەی خۆشمان ناوی تێکەڵ بەوبازرگانییە قێزەونە بووە.

ئەم مرۆڤانە لەدنیاشدا، بە کۆیلە سپیەکان ناسراون. خاوەن کۆیلەکانیش ھەموو ئەوانەن زۆر جار لەبەرگی ھاوچەرخێتی و ئازادیدا، لەشکڕو ئیرادە زەوتکەرو مافخۆروئەوانەن: یاساو ئەخلاق ومرۆڤایەتی لەپێناو تێرکردنی حەزەکانییان پێشێلدەکەن. بەتەعبیری کانت، مرۆڤ لەئامانجەوە دەکەن بەئامراز. واتە دەیخەنە ئەودیو پارێزبەندییە ئەخلاقییەکانەوە ولەوێوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن.!

ئەگەر بە گشتیش، لەدنیای نوێدا،ڕواڵەتەکانی کۆیلەبوون پەیوەندی بە کاڵابوونی مرۆڤەوە ھەبێت، ڕەگەکانی ئەویش، لەقازانج و جەستەو چێژسەنتەری وکەلتوری ئیستیھلاکی وبەرخۆری ونامۆبوونی ڕۆحی مرۆڤدا بێت، ئەوا ھەموو ئەوانەی لەکۆمەڵگەی ئێمەدا لەپشت برەودان بەم بەھاوشتانەوەن، بەمەبەست یاخود بێمەبەست، پەرە بە پەرەسەندنی ڕوواڵەتەکانی کۆیلایەتی مۆدێرن لەکۆمەڵگە وبەتایبەتیش دژ بەئافرەتان دەدەن. چونکە ھەموو دەنگ ھەڵبڕینێک دژ بە دین وکەلتورو بەھا خۆماڵییەکان ودۆخی لەئارادا بوو، مەرج نییە لەپێناو ئازادییەکی زۆرتردا بێت، بەڵکو دەشێت لەپێناو پارێزبەندییەکی دینی ویاسایی و ئەخلاقی و کۆمەلایەتیەکی کەمتردا بێت، بەتایبەتیش سەبارەت بەڕەگەزی مێ، لەپێناو لێکجیاکردنەوەی چێژو بەتایبەتیش چێژی جنسی لە لێپرسراوێتی ئەخلاقی.

ھەربۆیە تائێستا کەمتر دەنگیان بەرامبەر پەرەسەندنی دیاردەی لەشفرۆشی ولەشفۆشیگاکانیان لە ھەرێمدا دەربڕیوە.

بۆیە ئەگەر ھەندێ ڕوواڵەتی ستەمی کۆمەڵایەتی وجیاکاری ڕەگەزیش لەکۆمەڵگەی ئێمەدا بەرامبەرئافرەت مابێت،کەماوەو جێگەی قەبوڵ کردن نییە، بەرھەمی ڕۆحی دین و ئەخلاق و بەھا کان نییە، بەڵکو بەرھەمی زاڵبوونی داب ونەریتە بەسەر ئەخلاق وبەھاکان وڕۆحی دین ودۆخی تایبەتی کۆمەڵگەی کوردستانە. چارەسەری ئەوەش بە داڕنینی کۆمەڵگە لەکەلتورو بەھاو کەسێتی مەعنەوی خۆی نییە، بەڵکو والە دووبارە بوژاندنەوەو کاراکردنەوەی بەھاکان وبەئەخلاقیکردنی پەیوەندییەکان و پەرەدان بەھوشیاری کەرامەتپارێزی، واتە کەرامەتی مرۆڤ سەنتەری وکارلێکی ژیاری وچاکسازی سیاسیدا، نەک زەرب ھێنان بە سەرکۆی بەھا ئیسلامی وکۆمەڵایەتی وئەخلاقییەکانماندا وفڕێدانمان بۆ مەیدانی مێژوویەکی بێبەزەیی وھەڵگری لۆژیکێکی میکانیکی پێشکەوتن، وەک جەستەیەکی بۆژۆی مو باحی بێ ناسنامەو جەوھەرو بێ خاوەن.
زیاتر