تورکیا بەرەو کوێ؟

ئەبوبەکر کاروانی

نووسەر و کاردی یەکگرتوی ئیسلامی
  12/05/2023  |    1084 جار خوێندراوەتەوە
دەربارەی نائاسایی بوونی ھەڵبژاردنەکان و شەکەتبوونی دەوڵەت

 دەنگدانەوەی ھەڵبژاردنە سەرۆکایەتی و پەڕلەمانییە چاوەڕوانکراوەکەی تورکیا، سنوورەکانی ئەو وڵاتەی بڕیوە.
واوێنای دۆخەکە دەکرێت، وەك ئەوەی وڵاتەکە لەبەردەم بوومەلەرزەیەکی راستەقینەو ڕووداوێکی مێژوویی چارەنووسسازدا بێت. ئەمەش ئەگەر بەشێکی گەورەکردنی دەست ئەنقەست بێت، لە لایەن ھەندێ ناوەندی نەیاری تورکیا بۆ ئەوەی ھەر بەڕاستی لایەکان و تورکەکان وا بیبینن و رەنگدانەوەکانی بەسەر ئەو ولاتەدا وێرانکەر بن، ھەروەھا پێویستی سازدان و بەڕێوە بردنی ھەڵمەتی ھەلبژاردنی دوو جەمسەرە سیاسییە دژ بەیەکەکەی ئێستای تورکیا بێت، بەشەکەیتری ئاماژە بەڕاستییەکی واقیعی وپێدراوێکی مەیدانی دەکات، ئەویش لەسۆنگەی ئەم خاڵانەی خوارەوە:
  یەکەم/  لاوازبوونی دەوڵەت: 
مەتر
 گۆڕینی سیستم و دەستبردن بۆ قوڵایی و ژێرخانی دەوڵەت  و دووبارە داڕشتنەوەی جومگەو دامەزراوەکانی لەلایەن پارتی دەسەڵاتدارەوە لەماوەی بیست ساڵ حوکومرانی و بەرزە فڕی و ئاواتە کەسییەکانی سەرۆکی ئێستاو وێناکردنەکانی بۆ فۆرم و ڕۆڵی تورکییای زلھێزو مەزن ، دەستێووەردانەکانی لەناوچەکەو جۆری ئیدارەدانی ململانێکان لەدوای ٢٠١٥ و بەتایبەتیش  لەدوای کودەتاکەوە، ئەو دابەشبوون و جەمسەرگیرییە تووندە ناوخۆییەی لەمەو ھەوڵی ناوخۆیی و دەرەکی لە (٢٠١٣)ەوە بۆ گۆڕینی نیزامی ئێستا لە چوارچێوەی پاکتاوکردنی ئاسەوارەکانی بەھاری عەرەبی و پشتیوانیەکانی کەوتۆتەوە، کارێکیان کردووە، لەگەڵ ئەوەی لە ئێستاداو بە رواڵەت دەوڵەت بەھێز دەردەکەوێت، لەجەوھەردا لاواز ببێت، بەحوکمی ئەو دابەشبوون و کەرتبوونەی لە کۆمەڵگەی سیاسیدا ڕوویداوە، کەجەمسەرگیریی و ململانێ یەکی توندی لێکەوتۆتەوە.
وەک بنەمای گشتیش جەمسەرگیری توندی لەم شێوە، دەوڵەت بێھێز دەکات وھەرەشە لەسەقامگیری دەکات.
 بۆیە گەر لە ڕووی یاساییەوە ھەڵبژاردنەکە لە چوارچێوەی دەوڵەتدا بکرێت، بە کردەوە لەسەر دەوڵەت خۆیەتی، بەحومی گۆڕانکارییەکانی ناوی و بە ئامرازکردنی لە ململانێ سیاسییەکانداو نەبوونی سازانی نیشتیمانی لەسەر فراوانکردن و نوێکردنەوەی بنکە جەماوەری و دامەزراوەیی و میکانیزمەکانی لەخۆگرتنی.
دووەم/ھەڵبژاردن بەتامی شۆرش:
ھەڵبژاردنەکە بەحوکمی ئەو ھۆکارانەی پێشوو کەڵەکە بوونی ناکۆکییەکان و سنووردار بوونی توانای وەرگرتن و دانەوەی سیستم و دروشم و وێناو ھەست و جۆری سازدانەکان، سەبارەت بە ئۆپۆزیسیۆن ھەڵبژاردنە بە تامی شۆرش، بەحوکمی ئەوەی  ئۆپۆزیسیۆن واوێنای دۆخەکە دەکات، خەباتە بۆ ڕووخاندنی دیکتاتۆرییەت و گۆڕینی سیستم و بەدەسھێنانەوەی دەوڵەتی دزراوو ئازادی زەوتکراوو کۆتایھێنان بەسەرکوت و دەستەبەرکردنی پاروەنانی ڕۆژانەی ھاووڵاتی و بەدەستھێنانەوەی ناوبانگی شێوێنراوی وڵاتدا؟ ئەوەش پڕۆژەی شۆڕش و بانگەشەی بەھاری تورکییە نەك ھەڵبژاردن لە چوار چێوەی سازانی نیشتیمانی لەسەر سیستم و چوارچێوە دامەزراوەییە دەسەڵاتدارە دەوڵەتیە بێ لایەنەکان. ھەر لێرەشەوە شکستی ئۆپۆزیسیۆن دەرگا بەڕووی ئەگەری جۆراوجۆردا دەکاتەوە.
بەم جۆرەش ئەگەر دروشمی ئۆپۆزیسیۆن نان و ئازادی و کەرامەت بێت، ئەوا دروشمی ناوەندی ھاوپەیمانی حوکمڕان: پاراستنی شکۆو سەربەخۆیی و ناسنامەیە، ئاماژە بەوە دەکات چۆن تورکیا لە سایەی حوکمی ئەماندا فڕۆکەو تانک و مووشەك و کەشتی فڕۆکە ھەڵگرو غازو نەوت بەرھەم دەھێنێ بەرامبەر زلھێزەکان و لەوانەش ئەمریکا توانای وتنی نەخێری ھەیەو تورکیای کردووە بەزلھێزو سەرەڕای دۆخی خراپی ئێستا خستوویەتیە ڕیزی بیست ئابوورییە بەھێزەکەی جیھانەوە.
ھەربۆیە گەلەکۆمەی ئۆپۆزیسیۆن لە سیستم و سەرۆکەکەی بە فۆرمێ لە خۆفرۆشی و پاشکۆیی و پیلان گێڕی و لێدان لە پڕۆژەی ھەڵسانەوەی نەتەوەو لێدانی زلھێزی تورکیا وێنا دەکات.
 ئەم گوتارە ناکۆك و پڕ لە ھاندان و ئیدانەکردنانەش وادەکات ھاوکاریکردنی یەکتر لە چوارچێوەی پرۆژەی دەوڵەت و سیستمێکی سازان لەسەر کراودا قورس بکات و نیگەرانیش لەدۆخی دوای ھەڵبژاردن بەدوا خۆیدا بێنێت.
سێھەم/ بە پیرۆز کردنی ھەڵبژاردنەکان:
ھەڵبژاردنی ئەمجارە لە سۆنگەی: ھۆکارەکانی پێشوو جدی بوونی ململانێکەو نزیکی شانسی دەرچوونی پاڵێوراوەکان لەیەك و ترسان لە دۆڕاندن و مامەڵەی نادیموکرات و تۆڵەکردنەوەی دوای ھەڵبژاردن و پێگەیشتن و قوڵبوونەوەی دژ بەیەکی یەکانی ناو دەروونی سیستم و کۆمەڵگە، بەجۆرێکە جەمسەرەکان سەرجەم تواناو رەمزو کەرەسەکانیان تیایدا کۆدەکەنەوەو بەکار دەھێنن. وەك ئەوەی کۆتا ھەڵبژاردن و تاقیکردنەوەی شانسی ھێزەکان و دیاریکردنی چارەنووسی کۆتاییان بێت. لەم چوارچێوەشدا لە ھەڵبژاردنی ئەمجارەدا ئاین ئاماددەییەکی گەورەی ھەیەو بەشداری لە جیاکردنەوەو ناسنامە پێدانی ھێزو بەرەو سەنگەرەکانی پێدەکرێت.
لەلایەنی ھاوپەیمانی دەسەڵاتدارەوە، ئەوان نووێنەری ئاین و ناسنامەو ئەخلاقی رەسەنی کۆمەڵایەتی و مێژووی شکۆدار دەکەن. لایەنی بەرامبەر، لەڕێی ئامادەکردنەوەی تارمایی توندرەویی عەلمانییەتی توندرەوی تورکیاو ڕۆڵی جەھەپە لەو نێوەندەو وروژاندنی ھەندێ پرسی وەکو مافی ھاورەگەزبازەکان لەلایەن چەپەکان و لەوانەش ھەدەپەوە، وەك ھەرەشە لەسەر ناسنامەی دینی و ئەخلاقیی کۆمەڵگە وێنا دەکەن و ناوەندە دینییەکە بەوە دەترسێنن کە ئەگەر پاڵێوراوی ئۆپۆزسیۆن سەربکەوێت، وەرزێکی تری سووکایەتی بەناسنامەی ئاینی و بەرتەسککردنەوەی ئازادییە ئاینییەکان و گێچەڵکردن بە قوتابخانە دینییەکان دەستپێدەکات.
ئەوەی سەیرە مەسەلەی بەکارھێنانی ئاین ھەر بە ھاوپەیمانی حوکومڕانەوە نەوەستاوە، بەڵکو ئۆپۆزیسیۆنیشی گرتۆتەوە، چوونکە بەحوکمی پێویستیەکانی رەواندنەوەی ئەو مەترسیانەی گووتاری بەرامبەر لەسەر ئۆپۆزیسیۆن و کاندیدەکەی درووستیان کردوە پێویستیان بە ھەندێ شت لەم بارەوە ھەیە.
 بەڵام مەسەلەکە لای سەرۆکی ئی پارتی ئەو سنوورەی تێپەراندوەو گەیشتۆتە بانگھێشتکردنی مێژووی شەڕی ناوخۆی موسوڵمانان لەنێوان پێشەوا عەلی و موعاوییەدا و بەکارھێنانی وەك ئامرازێکی وێکچوواندن و ناسنامە پێدان بە ململانێکانی ئێستای وڵاتەکەی و جەمسەرە دژ بەیەکەکان، لەم چوار چێوەشدا خۆیانی بە شوێنکەوتووانی پێشەوا عەلی لە قەڵەمدا، وەك ئاماژەیەك بۆ تاوانبارکردنی بەرامبەر بە داگیرکردنی دەسەڵات و پێشێلکردنی بەھاکان و وەلانانی دیموکراسی و پەیرەوکردن لە دەوڵەتی زۆرو سەرکوت و نایەکسانی؟
سەرۆکی ئێستای وڵاتیش و روژاندنی ئەم مەسەلەو ئاماژەکردنی کلکچدار ئۆغڵۆ، بەناسنامە عەلەوییەکەی، بەنیشانەی تایەفەگەری بوون و بەرتەسک کردنەوەی فراوانی ئیسلام بۆ تەنگەڵانی مەزھەب و تایەفییەکان و ئەو نایەکسانییەی لێیان دەکەوێتەوە، لە قەڵەمدا.
ھەرچۆنێك بێت، بەکارھێنانی ئاین بەم خەستییە وەك ئامرازی ململانێ رەھەند ئاڵۆزتر دەخاتە سەر دابەشبوونەکەو لە ھەندێ ڕوەوە لەبوواری سیاسی دەیکاتە دەرەوەو مۆرکێکی عەقیدەیی پێدە بەخشێت، کەئەوەش ئەگەر سنووری بۆ دانەنرێت، مەترسی گەورە بۆسەر ئایندەی پەیوەنییەکان دروست دەکات و ئیسلام لە ناسنامەیەکی ھاوبەشی کۆمەڵگەییەوە دەکاتە کەرەسەیەکی ئایدۆلۆژی ململانێ.ئەم رەھەندەش لەئێستادا بەئاقاری پارتی دەسەڵاتداردا سنوورەکانی تورکیاشی بڕیوەو بەشێ لە ناوەندە دینییەکەی ناوچەکەو بەتایبەتیش دنیای عەرەب بەشدارە، کەرەنگە بەشێکی لەو مەترسییەوە سەرچاوەی گرتبێت کە تورکیای ئێستا بەدووا عەلقەی ململانێ و ئومێدی خۆی سەیر بکات و واببینێت، بەڕووخانی بەرەو ڕووی چارەنووسێکی قورس و نادیار دەبێتەوە؟
چوارەم/ ململانێکردن بە گیانیێکی نزیك لە ململانێی سفریی:
 توندی ململانێ و جەمسەرگیرییەکان وایانکردووە، لە جەوھەردا لە ململانێی سفری نزیك ببنەوە. واتە یان من یان تۆ و کۆتاییھاتنی بیرکردنەوە بە عەقڵییەتی بردنەوەی  ڕێژەیی ھەردوو لا لەسۆنگەی وێناکردنی دواڕۆژی گەش و ھاوبەشی سیستم و وڵاتەکەوە. ھەروەھا بەھۆی وێناکردنی سەرکەوتن وەك سەرکەوتنێکی ڕەھای؛ دینی و ئەخلاقی و ئایدۆلۆژی و سیاسی بەسەریەکەوە و بەزینیش بەھەمان شێوە! وە ترسان لەوەی بەرەنجامەکان دۆخی نەخوازراویان بەدوادا بێت، بەحوکمی خۆ ئامادەکردنی ئۆپۆزیسیۆن بە گیانی: یان بردنەوە، یان بردنەوە و بیرکردنەوەی بەرامبەریش بە عەقڵییەتی: ھەموو شتێك لەپێناو سەرکەوتن و شکستپێھێنانی ئۆپۆزیسیۆندا.
کێشە قووڵەکەش لەم چوارچێوەدا لەوەدا خۆی دەخاتەڕوو کە کێبڕکێ گۆڕاوە بە ململانێ و ململانێش بە دوژمنایەتی، دووژمنەکانیش ھەوڵی ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەوڵەت لەگەڵ یەکتر نادەن، بەڵکو دەخوازن یەکتری لە گۆڕەپانەکە بکەنە دەرەوە، نەمێنن، گەر ماشن مەترسی درووست نەکەن و ملکەچی ھەژموونی ئەو بن.
ئەم ھەناسە لەئێستادا لەلێدوان و دەربڕینی بەشێ لە سیاسەتمەدارو ڕۆژنامەنووس وچالاکووانی ھەردوولادا ھەستی پێدەکرێت، بۆنموونە ڕۆژنامە نووس مەردان یەنرداغ نزیک لە جەھەپە نووسیوویەتی:
پێویستە لە ١٤ ی مایۆدا بۆ شکستپێھێنانی ئیسلامییە فاشتستەکان، ئەستەم بە خەرج بدەین! رەنگە ئەو فاشیانە لەکاتی دۆڕانیاندا دەسەڵات ڕادەست نەکەن، بۆیە پێویستە خۆمان ئامادەبکەین بگۆڕێین بە شۆڕشگێڕ؟
لەبەرامبەرەوە، وەزیری ناوخۆ واوێنای ئۆپۆزیسیۆن و پاڵێوراوەکەیان دەکات کەلەوە لاوازترن توانای بەڕێوەبردن وسەرکردایەتی کردنی ئێستای تورکیایان ھەبێت، بۆیە لەئەگەری سەرکەوتنییان دەبێت خۆمان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی پەشێوی ئامادە بکەین، ڕاستە ئەمە بەشێکە لەجەنگی دەروونی وپڕووپاگەندەی ھەڵبژاردن و بەھاوڵاتیان دەڵێت: لەنێوان ئێمەو پەشێوی یەکێکیان ھەڵبژێرن، بەڵام خاڵیش نییە لە نیگەرانی ووێناکردنی دوواڕۆژ. بەتایبەتیش کە لەحاڵەتی سەرکەوتنی ئۆپۆزیسیۆندا دەبێت سەرۆککۆماری ئێستا خۆی بۆئەوە ئامادەبکات دەوڵەتی قوڵی پێشوو ئۆپۆزیسیۆنی ئێستاش کارێك بکەن کۆتایی تەمەنی لەزینداندا بگوزەرێنێت، ئەگەر ھەندێ ڕێکەوتن ورەدو بەدەڵ نەیەتە کایەوە.
لەکۆتایدا دەڵێین، ڕاستە فۆکۆیاما دەڵێت لەڕۆژ ھەڵاتی ناوەراستدا لەسێ وڵاتدا دەوڵەت ھەیەو یەکێ لەوانە تورکیایە. ھەربۆیە دۆخی تورکیالەگەڵ ھەندێ وڵاتی عەرەبی ناوچەکە بەراورد ناکرێت، بەڵام نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت، بەھۆی:
کەرتبوونی نوخبەی تەقلیدی دەسەڵاتدار، حوکمکردنی بیست ساڵەی ئەکەپە لەدرەوەی نوخبە مێژووییە تەقلیدییە دەسەڵاتدارەکەوە، شۆربوو بوونەوەی ململانێکان لەسەر حکومەتەوە بۆ ناودام ودەزگاکانی دەوڵەت، درێژە کێشانی کێشەی کوردو چارەسەر نەکردنی، قەیرانی دیموکراسی وکۆمەڵگەی سیاسی وتەشەنەکردنی پۆپۆلیزم لەسەرئاستی جیھان وتەنانەت دیموکراسە بەھێزەکانی وەکو ئەمەریکا، پێکەوە کارێکیان کردووە، ئەم دەوڵەتە لەئێستادا شەکەت دەربکەوێت ولەھەرکات زیاتر مەترسی لەسەر بێت. بۆیە ئەگەر دووای بوومەلەرزەی ھەڵبژاردن دۆخەکە بەدیارنەمانی ھەندێ سەرکردەو ھێزی سیاسی لەسەر گۆڕەپانەکە، بگیرسێتەوە تورکەکان بە خاوەن شانس دادەنرێن، بەڵام قەیرانی دەوڵەت درێژەی دەبێت، چونکە تورکیا بەکردەوە پێویستی بەپەیمانێکی کۆمەڵایەتی نوێ ھەیە، ئەویش ھەموواری دەستوورو دەستکاری پێناسەی دەوڵەت و سیستم و ھاووڵاتی و کۆتایھێنان بە دەوڵەتی تاك رەھەندو ناوەند گەرای دەوێت، بۆئەوەی لە چوارچێوەی پەیمانە نوێکەدا توانای لە خۆگرتنی ئەخلاقیانەی جیاوازییەکانی ناوی ھەبێت و لەرەقییەکانی کەم بکاتەوە.عتیا
زیاتر