دۆلاری کوردی...

سەرکۆ گەڵاڵی

ئەندامی پەرلەمانی کوردستان
  11/01/2023  |    638 جار خوێندراوەتەوە

دووهەفتەیە نرخی دینار بەرامبەر دۆلار دابەزیوەو بازاڕ گڕی گرتوەو نرخی کاڵاو شمەک نزیکەی دووهێندە بەرزبۆتەوە، ٣ هێلکە بووەبە هەزار دینارە، دەبەیەک زەیت بە ٤ هەزار دینارە،کیلۆیەک گۆشت ١٨ هەزار دینارە،کەچی حکومەتی هەرێم لەبری ئەوەی شان بداتە بەری و کەمێک هاوکاری بازرگان و بازاڕو خەڵک و موچەخۆربکات کەچی کەس نازانێت دۆلاری کوردی چی لێدێت؟

کەی ڕەوایە هاوڵاتیەک یان فەرمانبەرێک خەرجی ڕۆژانەی بۆ دووهێندە زیادی کردبێت و بازار لەوپەری خراپیدابێت لەبری ئەوەی حکومەت بە رپرسیارانە بێتە پێشەوەو وەک حکومەتی عێراق کارئاسانی بۆ خەڵک بکات ، بە خستە بازاڕی ئەو دۆلارەی لە فرۆشتنی نەوتەوە دەستی دەکەوێت کەڕۆژانە نزیکەی ٣٠ ملیۆن دۆلارە، جگە لەو ٢٢ ملیۆن دۆلارەی هاوپەیمانان و ئەو دۆلارەی لە خاڵەسنوریەکان و گومرگ وەریدەگرێت، ئەگەر حکومەتی هەرێم ڕۆژانە ئەم ٣٠ ملیۆن دۆلارە بەنرخی بانکی ناوەندی کە ١٤٦ هەزار دینارە بخاتە بازاڕەوە، ئەوا کێشەی دابەزینی بەهای نرخی دیناری عێراقی چارەسەر دەکات و هەم گرانی نرخی کاڵاو شمەک چارەسەردەکات هەم بەشێکی گەورەی ئەم فەوزای دۆلارە چارەسەر دەکات لەسەر ئاستی هەموعێراق،کەچی تا ئێستا دۆلاری کوردی بێ سەروشوێنەو کەس نازانێت لەکوێیە!!

ئایا بەڕاستی پارەی نەوتی هەرێم لەکوێیە و لای کێیە و چ وڵاتێک تەحەکومی پێوە دەکات؟

ئایا پارەی نەوتی هەرێم کە بەدۆلار دەفرۆشرێت هەر لە ئەسڵدا نایاتەوە هەرێمی کوردستان؟ یان دێتەوەو بەڕێگای جیاواز دەنێرێت بۆوڵاتانی دراوسێ؟

ئەگەر نا بۆ چی حکومەتی هەرێم ئەو دۆلارە ناخاتە بازاڕەوە؟

ئەگەر بەڕاستی ئەو دۆلارە کوردییە دێتەوەو حکومەتی هەرێم دەیخاتە بازاڕەوە ئەوا ئەم کێشەیەی ئێستای دینارودۆلار نامێنێت و کێشەی سیولەی دۆلار نابێت وەک ئەوەی کەئێستا هەیە، ئەگەر ناشیخاتە بازاڕەوە ئەوا کەواتە پارەی نەوتی هەرێم هەر نایەتەوە کوردستان و هەر لە تورکیایە و ئەمەش ئەو پرسیارە دروست دەکات چەند ساڵە کە حکومەتی ناوەند پارە نانێرێت بۆهەرێم ئەی حکومەتی هەرێم بەچی موچەی داوە؟ ئەگەر بەپارەی نەوت داویەتی ئەو هەموو دۆلارە کوردییە لەماوەی ئەم ٨ ساڵەدا بۆ کوێ چووە کە چەندین ملیارد دۆلار دەکات؟

سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی 
ئەندامی لیژنەی دارایی
 پەرلەمانی کوردستان
زیاتر