دۆخی ئێستای کوردستان و کۆرۆنا

دكتۆر عارف گۆران

پسپۆری راوێژکاری نەخۆشیەکانی هەناو و کوێرەڕژێن
  07/03/2021  |    1041 جار خوێندراوەتەوە
 من وەک دکتۆرێکی کورد لە دەرەوەی کوردستان ئەوەی لەتوانامدابوو لە شەپۆلی یەکەمی کۆرۆنا هاوکاری تووشبوانی کوردستانم کرد و لەگەل ژمارەیەکی زۆری نەخۆش بۆ ماوەی چوار مانگ لەسەر هێڵ بووم، بەھیچ شێوەیەک بڕوام بە تۆقاندنی خەلک نیە، بەڵام باسکردنی ڕاستیەکان و هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە ڕاستیەکان وەک پزیشکێک بە ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆڤایەتی دەزانم .
جێگای خۆشحالیمه‌ لە ماوەی دوو مانگی رابردوو بەدەگمەن پەیوەندیم بۆ دەھات لە کوردستان ، بەڵام تەنھا لە ماوەی شەش ڕۆژی رابردوو 85 نەخۆش لە شارو شارۆچکەکانی کوردستان پەیوەندیان پێوەکردووم، کە نیشانەی کۆڕۆنایان هەبووە و هەندێکیان پشكنینی پی سی ئاریان پۆزەتیڤ بووە .
جا ئەگەر ئەو ژمارە پەیوەندیە وەک پێوەرێک بەکاربھێنین ئەوە دەگەیەنێت، کە ژمارەی تووشبوان بە رێژەیەکی بەرچاو لە زیادبوونەو ئەگەری شەپۆلێکی تر لە ئارادایە .
لەگەڵ بەشێک لە ھاوکارانم لە شارەکانی کوردستان قسەم کردوە، ئەوانیش باسی ئەوە دەکەن کە ژمارەی تووشبوون بەرێژەیەکی بەرچاو لەزیاد بوونە. حەزم کرد چەند خالێک باس بکەم کە بەشێکیان لە رابردوو باسم کردووە بەڵام وەک بە بیرھێنانەوەیەک پێم باشە جارێكی تر باسیان بکەمه‌وه‌:
 1-کۆرۆنای گۆڕاو جۆری بەریتانی گەیشتۆتە ئێران و عێراق و کوردستان ، بەگوێرەی شارەزایانی ڤایرۆس ئەو جۆرە گۆڕاوەی ڤایرۆسەکە لە بەشی ھەری زۆری ووڵاتان زیاد دەکات و ئەگەری ئەوە هەیە ببێتە جۆری سەرەکی ڤایرۆسەکە لە سەرانسەری جیھان.
2-ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو ھەمان نیشانەکانی جۆری کۆنی ڤایرۆسەکەی هەیەو هیچ گۆرانکاری بەسەردا نەهاتوە.ئەو دەرمان و رێکارانەی چارەسەری پێشتر بەکارهێنراوە هەمان کاریگەری هەیە لەسەر کۆرۆنای گۆڕاو .
3-ئەوەی لە جۆری گۆراوی ڤایرۆسەکە تێبینی کراوە کە خێراتر بلاودەبێتەوەو بە رێژەیەکی زیاتر تووشی مندال و گەنجەکان دەبێت.
4-جۆری گۆراوی ڤایرۆسەکە کوشندەتر نیە بە بەراورد لەگەل کۆرۆنای کۆن. بەڵام ئەوەی تێبینی کراوە بە شێوەیەکی گشتی ئەو کەسانەی پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشانە ھەیە دە ساڵ گەنجترن بە بەراوردکردن لەگەڵ جۆری یەکەمی کۆرۆنا.
5-هەندێک لە هاوکارەکانم لە کوردستان لەو باوەرەدان کە ڤایرۆسەکە بێھێزتر بووە، چونکە لە کاتی ئێستادا ژمارەیەکی کەم لە تووشبوان پێویستیان بە چارەسەری وەرگرتنە لە نەخۆشخانە، دیارە ئەوەش بۆچونێکی هەڵەیە، چونکە ئێمە دەزانین ئەو کەسانەی تووشی هەوکردنی سیەکان دەبن دوای دوو هەفتە لە تووشبون نارەحەت دەبن و پێویستیان بە ئۆکسجین و چارەسەری لە نەخۆشخانە دەبێت .
6- ئه‌وەی جێگای داخە عێراق و کوردستان لەبەر زۆر ھۆکار تا ئێستا نەیانتونیوە وەک پێویست رێژەیەکی باش ڤاکسین دابین بکەن، بۆیە واپێدەچێت چەند مانگێکی پێویستە بۆ ئەوەی رێژەیەکی بەرچاو لە خەلک بکوترێن بۆ ئەوەی رێژەی بلاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە کەم بێتەوە. 
7-من ھاوڕام کە ژیان دەبێت بەردەوام بێت، بەڵام گرنگە کە خەڵکی پەیرەوی رێکارەکانی خۆپاراستن بن و حکومەت و وەزارەتی تەندروستی لە کاتی گونجاو بریاری گونجاو بدات.
8-هاتنی نەورۆز و بەهار، ئەگەری بەرکەوتن زیاتر دەکات بە هۆی قەلەبالغی، بۆیە دەبێت خەڵکی تا دەکرێت خۆیان بەدوور بگرن لە تێکەڵبوونی بە کۆمەڵ. 
تکام لە کوردستانیانی خۆشەویست ھەیە کە مەترسی ئەو ڤایرۆسە بەھەند وەرگرن و تا دەکرێت خۆیان بپارێزن، وەک ھەمیشە کە باسمان کردووە، لە کاتی دەرچوون لە ماڵەوە دەمامک بەکاربھێنن، ئەگەر کاری پێویستت نیە سەردانی شوێنی قەلەبالغ مەکە . ھەول بدە دووری دوو مەتر رابگرە لە نێوان خۆت و خەلکانی تر .با بەیەکەوە ئەو چەند مانگەیە بەرێبکەین تاکوو بەشێکی بەرچاو لە خەلکی ڤاکسین وەردەگرن و مرۆڤایەتی لەو ڤایرۆسە نەگریسە دەربازی دەبێت.

*پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی ھەناو

زیاتر