ڕاوێژکاری کازمی: نۆ مانگ بەسە بۆ ئامادەکاری هەڵبژاردن

  2020-09-25  | 
عەبدولحسین هەنداوی ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆکاروباری هەڵبژاردنەکان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، حکومەت بەرپرسە لە دابینکردنی مەرجە مادییەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا و ئەو ماوەیەشە کە لەبەردەستدایە بەسە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکە.

عەبدولحسین هەنداوی ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆکاروباری هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند، ماوەی نۆ مانگە بەسە بۆ ئامادەکاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان، بەڵام بێ بوونی یاسایەک ناتوانرێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، بە هیچ شێوەیەکیش ناگەڕێنەوە بۆ یاساکەی پێشوو.

لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنی هەنداوی ڕایگەیاند، حکومەت پشتیوان دەبێت بۆ ئەو بڕیارەی پەرلەمان دەیدات، سەبارەت بە هەمواری هەڵبژاردنەکان و حکومەت بەرپرسە لە دابینکردنی پێداویستە مادییەکانی ئەنجامدان و سەرخستنی پرۆسەکە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆچوونی جیاواو هەیە لە دەرەوەی ماڵی سیاسی کە هەیە حەز دەکات بگەڕێنەوە بۆ یەک بازنەیی، هەشە پێی باشە هەڵبژاردنەکان بکرێت بە چەند بازنەیەک، بۆیە ئەوان چاوەڕێی پەرلەمانن کە ئایا چ بڕیارێک دەدات لەو بارەیەوە.

ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری هەڵبژاردنەکان جەختیشیکردەوە، هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان لەدەسەڵاتەکانی پەرلەمانە بە تەنها، بۆیە حکومەت سەیری خشتەی پاشکۆ و ژمارەی فەرمانگە جیاجیاکان دەکات، دوای ئەوەی پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدات.

هەنداوی ڕوونیکردەوە، وادەی دیاریکراوی هەڵبژاردنی پێشوەختە وادەیەکە دەکەوێتە نێوان دوو خولی هەڵبژاردنەوە، حکومەتیش پابەندە بە وەدیهێنانی مەرجەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان.

لە کۆتایی وتەکانیدا هەنداوی ئاماژەی بەوەکرد، پارەی پێویست بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە پرۆژە یاسای بودجەدا دیاریکراوە، پێویستە چاودێریەکی نیشتیمانی هەبێت و پشتیش بە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەبەستن لە چاودێریکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختە.

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆژی ٣١مانگی تەموزی ڕابردوو، ڕۆژی شەشی حوزەیرانی ساڵی داهاتووی دەستنیشانکرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق .

لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٨دا هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەڕێوەچوو، ڕێژەی بەشداریکردن لە ٤٤.٥% بوو، بڕیاریش بوو لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٢٢ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان بەڕێوە بچێت، بەڵام دوای خۆپیشاندانەکانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق و ناچار بە دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق کۆتایی هات .

لە مانگی ئایاری و دوای چوار مانگ لە خۆپیشاندانەکان مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی ئیستای عێراق لە پۆستەکەی دەستبەکار بوو، بەڵێنیشیدا لە نزیکترین کاتدا هەڵبژاردنی پێشوەختە لەعێراقدا ئەنجام بدات.



ڕیکلام