ڕێبوار کەریم: هەرێم بەدزییەوە 21 هەزار کەسی دامەزراندوە

  2020-09-29  | 
ڕێبوار کەریم مەحمود پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق
فۆتۆ: ئەرشیف
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕێبوار کەریم مەحمود پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧وە تا ئەمساڵ، حکومەتی هەرێم بە دزییەوە ٢١ هەزار کەسی دامەزراندووە.

ئەو پەرلەمانتارە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەوە،پێش بایۆمەتری، حکومەتی هەرێم رایگەیاند بووە"ژمارەی موچەخۆران بە نزیکی  ملیۆنێک و چوارسەد هەزار موچەخۆرە، بەڵام کاتێک قۆناغی یەکەمی بایۆمەتری تەواو بوو لەساڵی ۲٠۱۷ حکومەت رایگەیاند، ژمارەی موچەخۆران بە نزیکی  ملیۆنێک و دووسەدو چل و نۆ هەزار موچەخۆرە، واتە بەهۆی بایۆمەترییەوە (۱٥۱٠٠٠) سەدو پەنجاویەک هەزار موچەخۆر کەمیکردوە .

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشکردووە، رۆژی (۲٠_۱_۲٠۲٠) لیژنەی باڵای تۆماری بایۆمەتری حکومەتی هەرێم رایگەیاند "ژمارەی موچەخۆران ملیۆنێک و دوسەدو پەنجاوپێنج هەزار موچەخۆرە، واتە لەماوەی نزیکەی دووساڵدا (٦٥٠٠) شەش هەزارو پێنج سەد موچەخۆر زیادیکردووە .

لە بەشێکی دیکەی نوسینەکەیدا ئەو پەرلەمانتارە کوردە ئاشکرایکردووە، رۆژی (٦_٥_۲٠۲٠) کاتێک وەفدی هەرێم لەبەغدا بووە و لەگەڵیان کۆبونەتەوە، ئامارێکیان داوە بەوان کە ژمارەی موچەخۆران  ملیۆنێک و دووسەد و پەنجا و شەش هەزار و هەشت سەد و پەنجا موچەخۆرە، واتە لە چوار مانگی یەکەمی (۲٠۲٠) (۱۳٥٠) هەزارو سێسەدوو پەنجا موچەخۆری تر زیادی کردووە .

ڕوونیشیکردووەتەوە،  رۆژی (۲۸_۷_۲٠۲٠) لە کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستاندا وەزیری دارایی هەرێم وتوویەتی  "ژمارەی موچەخۆران ملیۆنێک و دووسەدو حەفتا هەزار موچەخۆرە ". ، لە کاتێکدا کە ئەوان هەفتەی پێشوو لەبەغدا لەگەڵ هەندێ کاربەدەستی حکومەتی عیراق کۆبووەتەوە، سەرجەمیان پێیان وتووە، ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم بەردەوام زیاد دەکات .

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کە ئەو پەرلەمانتارە بڵاویکردووەتەوە، حکومەت بە بەردەوامی ژمارەی موچەخۆری زیادی کردووە، لە کۆتایی ساڵی  (۲٠۱۷)وە تا کۆتایی مانگی (۷_۲٠۲٠) حکومەتی هەرێم نزیکەی (۲۱٠٠٠) بیست و یەک هەزار کەسی دامەزراندوە،

لە کۆتایی نوسینەکەیدا پەرلەمانتار ڕێبوار کەرکیم مەحمود ئاماژەی بەوەکردووە، ئەم بابەتە لە سێ ئەگەر بەدەر نییە، یان حکومەتی هەرێم بە بەردەوامی و بەدەر لە رێنمایی و بە واستە خەریکی دامەزراندنی خەڵکە، ئەو گەنجانەشی کە چەندین ساڵە چاوەرێی هەلی کارن دەبێ زەقەی چاویان بێت، یان ئەم فەوزایە ئەو قسەیەیان پشتراست دەکاتەوە کە بەردەوام وتوویانە، حکومەت لیستی بایۆمەتری نیە و فەوزایە و هیچ کەس بە وەزیری داراییشەوە نازانێت ژمارەی موچەخۆران چەندە،یاخوود هەردوکیانە، دامەزراندنی ژێربەژێر بەردەوامە و لەولاشەوە فەوزای نەبوونی لیستی بایۆمەتری موچەخۆرانە .



ڕیکلام