دوو چەكداری داعش بەهاوكاری دژەتیرۆری سلێمانی دەستگیركران

  2020-10-27  | 
 سۆران عەبدولکەریم
پۆلیسی كەركوك بە هاوكاری دژەتیری سلێمانی دوو چەكداری داعشی لەشارەكە دەستگیركردووە كە لەنێو رێكخراوەكەدا ئەرك وبەرپرسیارێتی هەستیاریان هەبووە.

عامر نوری، وتەبێژی پەرێوبەرایەتی پۆلیسی كەركوك بە(تۆڕی هەواڵی ژیان)ی ڕاگەیاند: پۆلیسی كەركوك بەهاوكاری زانیاریەكانی دژە تیرۆری سلێمانی تیمێكی پۆلیس توانیان تیرۆریستێك بەناوی ئەبو تەڵحە كە لێپرسراوی جموجۆلی چەكدارانی داعش بووە و بەرپرسی بەشی گواستەوەی چەك وجبەخانە وكەرەستەی پزیشكی بووە بۆیان. 

ناوبراو روونیشیكردەوە،  ئەو كەسەی دەستگیركراوە لێپرسراوی تیمی دانانی بۆمبە چێنراوەكانیش بووە لەسنوری كەركوك، ئەوە جگە لەوەی كە كەسێكی دیكەشیان لەگەڵیدا دەستگیركردووە بەناوی ئەحمەد عەبدوڵا عێراقی كە لێپرسراوی دارایی بووە لەنێو داعش لەسنوری كەركوك.

عامر نوری ئەوەشی روونیكردەوە: ئەو دوو چەكدار و لێپرسراوەی داعش پاش لێكۆڵینەوە لەگەڵیان دانیان بەتاوانەكانیان ناوە وبەپێی ڕێكارە ئەمنیەكان ڕادەستی بەڕێوبەرایەتی هەواڵگری وئاسایش كراون.