لاهور شێخ جەنگی و شاندێکی بەریتانیا دۆخی هەرێم و عێراقیان تاوتوێکرد

  2020-12-02  | 
سلێمانی
کۆبوونەوەی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و شاندێکی بەریتانیا
فۆتۆ: نوسینگەی لاهور شێخ جەنگی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
شاندێکی بەریتانیا سەردانی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانیان کرد و لە دیدارەکەدا دواین گۆڕانکارییەکانی هەرێم و عێراق تاوتوێکرا.

لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان رایگەیاند، "ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، پێشوازیمان کرد لە وەفدێکی باڵای حکومەتی بەریتانیا کە پێکهاتبوو لە جەیمس هیپی وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری هێزە چەکدارەکان و ستیفن هیکی باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق وجەیمس سۆرنتۆن کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان و وەفدێکی هاوڕێیان".

ئاشکراشیکرد،  لە دیدارێکدا گفتوگۆیان کردووە دەربارەی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا و گۆڕانکاریی و پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان .

 وتیشی، "سوپاسمان کردن کە وڵاتەکەیان ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە شەڕی داعش و هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لە ڕووی مەشق و ڕاهێنان و هاوکارییە سەربازییەکان، لە ئێستاشدا بەشداریی کارایان هەیە لە پڕۆسەی چاکسازیی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، ئامادەیی و پشتیوانیی تەواوی خۆمان دووپات کردەوە بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە".

هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان راشیگەیاندووە کە دەبێت ئەو بابەتە یەکلایەنە نەبێت بەڵکو هەمووان هاوکار و پشتیوان بن و بنەمای یەکسانی لەبەرچاو بگیرێت، ئاماژەیان بە بەردەوامی هەڕەشە و مەترسی شانە نوستووەکانی داعش کردووە، لەو ڕووەشەوە گرنگی مانەوە و بەردەوامی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی-یان لە عێراق، بە پێویست زانیوە.

هەر لە دیدارەکەدا لاهور شێخ جەنگی جەختیکردووەتەوە لەسەر هاوئاهەنگیی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان بۆ ڕەخساندنی زەمینەیەکی لەبار و دۆخێکی سەقامگیر بۆ ئەوەی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو سەرکەوتوو بێت.

هەروەک باسیان لەو هەوڵانە کرد کە وەک یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە سۆنگەی پەرۆشیان و خزمەتکردنی میللەتەکەیان، هەوڵەکانیان دەخەنەگەڕ لە بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی.

لە بەشێکی تری دیدارەکەدا لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ئاماژەیان بۆ نوێبوونەوەی یەکێتیی کردووە کە لە دوای ئەنجامدانی کۆنگرەی چوارەمەوە ئێستا یەکێتییەکی نوێ بە پلان و بەرنامەی نوێوە هەنگاو دەنێت و بە دید و ڕوانینێکی سەردەمیانە هەوڵ دەدات بۆ سەرخستنی پڕۆسەی سیاسیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان .



ڕیکلام