لەسەر تۆتبارانکردنی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق باڵیۆزی ئێرانی بانگهێشت کرد و یاداشتێکی ناڕەزایی ڕادەستکرد.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە بەهۆی تۆپبارانەکانی ئێرانەوە ئیرەج مەسجیدی باڵیۆزی ئێرانی لە بەغدا بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە کردووە و یاداشتێکی ناڕەزایی ڕادەستکردووە.
لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی دەرەوە بڵاویکردەوە "لە پای بۆردومانکردنی گوندە سنورییەکان و بەرزاییەکانی ئالانەی سەر بە قەزای جاجی ئۆمەران بە تۆپی دوورهاوێژ، وەزارەتی دەرەوە بانگهێشتی باڵیۆزی ئێرانی کردووە و یاداشتێکی ناڕەزایەتی ڕادەستکردووە، کە بەهۆی تۆپبارانەکانەوە زیانی مادی گەیشتووە بە ناوچەکە و بووەتە هۆی بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن لە ناو هاوڵاتیانی سنورەکەدا".
لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ ئەوەی وەزارەتی دەرەوە جەختدەکاتەوە لە بەردەوامی گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، ئیدانەی ئەو بۆردومان و ڕەفتارانە دەکات و پێویستە لەسەر لایەنی ئێرانی ڕێز لە سەروەری خاکی عێراق بگرێت و دەستهەڵگرێت لەو جۆرە کارانە و بەشوێن هاریکاری هاوبەشدا بگەڕێت لە پێناو چەسپاندنی ئارامی لە ناوچە سنوریەکانی هەردوولا.
هەڵوێستی حکومەتی
عێراق لە کاتێکدایە، تا ئێستا هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان هیچ
هەڵوێستێکیان لەسەر بۆردومانەکانی ئێران نەبووە.