ئەمنیداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە: لەسەرەتای ئەمساڵەوە توركیا و ئێران 137 هێرشیان كردووەتە سەر سنورەكانی هەرێم

  2020-06-29  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكرایدەكات، لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ئێران و توركیا 137 هێرشیان كردووەتە سەر سنورەكانی هەرێمی كوردستان.

جەبار یاوەر لە دیدارێكیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا رایگەیاند "له ‌ماوەی شەش مانگدا، واتە له ‌سەرەتای ساڵی 2020 تا كۆتایی مانگی پێنج 137 هێرشی ئاسمانی و زەمینی كراوە، بۆ سەر سنورەكانی هەرێمی كوردستان، 135 هێرشیان هی توركیا بووه، و‌ دوو دانەیان هی ئێران بووە".

ئەو ئاماژە بەوەش دەكات كە قەبارەی پێشێلكاریەكانی لەلایەن توركیاوە زیاترە و دەشڵێت "ئەم بابەتانە به ‌شێوازی یاسایی و به ‌شێوازی گفتوگۆ چارەسەر دەكرێت لەگەڵ ئەو دوو لایەنەی، بوونەتە هۆكارێك بۆ هاتنی ئەو شەڕە لەناو هەرێمی كوردستاندا، لایەك حكومەتی توركیایە و لایەكی تر پارتی كرێكارانی كوردستانە، ئەوەی تریشیان لایەكی كۆماری ئیسلامییه،‌ لەگەڵ حزبەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیدا، كە حیزبی دیموكرات و كۆمەڵە و حیزبەكانی ترە. ئەم كێشەیە چارەسەرەكەی بە مەسەلەی بردنی هێز و لەشكركێشی نابێت".

ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە روونیدەكاتەوە رێگاپێدانی ئاسمانی دەسەڵاتی هەرێم نیە ودەڵێت "حكومەتی عێراق ڕێگە دەدات، كە فڕۆكەی جەنگی بێتە ئاسمانی عێراق و هەرێمەوە، نەك هەرێمی كوردستان. بەهیچ جۆرێك لەدەسەڵاتی هەرێمی كوردستان نیه ڕێگە بە فرۆكەی جەنگی بدات بێتە ئاسمانی هەرێمەوە‌."

یاوەر وتیشی: سنورەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێران و توركیا له ‌ژێر دەسەڵاتی هێزێكی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراقە، لە هەرێمی كوردستان سێ لیوای پاسەوانی سنور هەیە كە پۆلیسن، فەرماندەیی یەكیان، لە هەولێر كە پێیدەڵێن فەرماندەیی یەكی پاسەوانی سنور، هەموو ئەو پێشێلكارییانەی دەكرێت لەسەر سنور، ڕۆژانە دیاریدەكەن و پێشكەشی دەكەن بە حكومەتی فیدڕاڵی عێراق، واتە هەر تۆپبارانكردنێك، بۆردومانكردنێك، هاتنە پێشەوەیەكی هەر هێزێك لە وڵاتانی دراوسێ بۆ سەر سنوری دەوڵەتی فیدراڵی عێراق، كە دەكەوێتە هەرێمی كوردستان لەوانەوە دەگات بە عێراق.


ڕیکلام