تەندروستی جیهانی: كۆرۆنا لە عێراقدا گەیشتووەتە قۆناغی پێش كۆتایی كە ببێتە پەتا

  2020-06-29  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕێكخراوی تەندورستی جیهانی لە عێراق ئاشكرایكرد، عێراق لە قۆناغی پێش كۆتاییدایە كە فایرۆسی كۆرۆنا تیایدا ببێت بە پەتا لە وڵاتەكەدا .

ئەدهەم ئیسماعیل نوێنەری ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانی فەرمی عێراق ڕایگەیاند "ڕێكخراوەكەیان لە ژێر دروشمی (تەندروستیت ئەمانەتە) دەستی كردووە بە هەڵمەتی هۆشیاركردنەوە، كە لە سەرەتا لە بەری كەرخی بەغدا بۆ هۆشیاركردنەوەی نزیكەی 5 ملیۆن كەس دەستپێدەكات" .

ئاماژەی بەوەشكردووە، هەڵمەتەكەیان زیاتر لەو ناوچانە دەبێت كە پەتاكەیان زیاتر تیا بڵاوبووەتەوە، وەك ناوچەكانی مەدینە سەدر و شەعب و زەعفەرانیە و بەلەدیات و بەغداد جەدیدە لە بەرەی رەسافە، بەڵام لە بەری كەرخ ناوچەكانی حوڕیە و عامریە و دوورە و شوعلەی گرتووەتەوە .

لەو هەڵمەتەی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیدا لە عێراق 250 خۆبەخش بە هاوكاریی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و ناحكومییەكان بەشداری تیا دەكەن .

جەختیشیكردووەتەوە، سەركەوتنی هەڵمەتەكانی هۆشیاركردنەوە كاریگەریی هەبووە لەسەر بڵاوكردنەوەی هۆشیاری تەندروستی و لە كۆتاییشدا ژمارەی توشبوان بە نەخۆشیەكە بەرەو كەمبوونەوە دەچێت لەو ناوچانە، كە ڕۆژانە ڕێژەی لە 60% تووشبووەكانی تێدا تۆمار دەكرێت .

لەبەشێكی تری وتەكانیدا ئەو بەرپرسەی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ئاشكرایكردووە، دۆخی تەندروستی عێراق بەشێوەیەك تووشی قەیران بووەتەوە كەلەوەبەر پێشینەی نەبووە، چونكە لە ئێستادا لەقۆناغی پێش كۆتایین بۆ ئەەی فایرۆسی كۆرۆنا لە عێراقدا ببێتە پەتا، بۆیە دەبێت ڕێوشوێنی زۆر پێویست و توندوتیژ بگیرێتەبەر، بۆ ئەوەی سنورێك بۆ تەشەنەكردنی دابنرێت .

جەخحتیشكردووەتەوە لە یەكخستنی هەوڵەكان بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی پەتاكە، چونكە سیستمی تەندروستی لە عێراق گەیشتوەتە لوتكەی فشارەكان لەسەری، بەشێوەیەك نەخۆشخانەكان وا قەرەباڵغ بووە و فشاریان لەسەر دروست بووە، كە چیتر ناتوانن نەخۆش وەربگرن .

لە كۆتایی وتەكانیدا ئەو بەرپرسەی تەندروستی جیهانی لە عێراق ئاشكرایكرد، لە سەرەتای دەركەوتنی نەخۆشییەكەوە چەند پێشنیازێکیان پێشكەشكردووە، سەبارەت بە چۆنێتی ئیدارەدانی نەخۆشیەكە، وەک كۆنترۆڵكردنی سنور و كڕینی كەلوپەلەپێویستییە پزیشكییەكان بە تایبەت ئۆكسجین، هاریكاری نێوان وەزارەتەكانی تەندروستی و خوێندنی باڵا، ئەم هەفتەیە بڕێكی زۆر ئۆكسجین لە وڵاتی ئیماراتەوە هاوردە دەكەن ئەوەش كێشەكەش لە چەند ناوچەیەك چارەسەر دەكات .



ڕیکلام