لەبارەی رێککەوتننامەکەی سعودیە و ئێرانەوە

  2023-03-11  | 
دۆسیە:  جیهان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وادیارە ئەم دوو ئەکتەرە هەرێمییە دەیانەوێت رێکبکەون. چەند رۆژێکە راوێژکاری ئاسایشی هەردوو وڵات لە پەکینی پایتەختی چینن. دانوستان دەکەن. چین و شین جینپینگ ناوبژیوانانیان دەکات. دواتر دەگەن بە رێککەوتن لەسەر دوو هێلی سەرەکی، وەک چوارچێوە و سەرەتایەک بۆ چوونە نێو رێککەوتنی فراوانتر و گشتگیر. خاڵی یەکەم: رێزگرتنە لە سەروەری یەکتر. دووەمیش: دەستوەرنەدانە لە کارووباری ناوخۆی یەکتر.

ئەم دیمەن و چوارچێوەیە <رێککەوتننامەی ئاشتی وێستفاڵیا Westphalia Peace Agreement> مان لە ١٦٤٨دا بیردەهێنێتەوە کاتێک بنەماکانی سەروەری، یەکسانی نێوان ئەکتەرەکان، سەربەخۆیی خودی و دەستوەرنەدان دێنەکایەوە. دواتریش کۆتایی بە جەنگی ٣٠ ساڵەی مەزهەبی نێوان کاسۆلیک و پڕۆتێستانتی ئەوڕوپا دەهێنێت. 
سعودیە وەک هاوڕێی چین دەردەکەوێت. لەڕاستیدا چین دەیەوێت بەرەو ناوەندبوون بڕوات لە خۆڕهەڵات یان رۆڵی کۆکەرەوە ببینێت. دیارە ئەم پڕۆسەیە هێواشە بەڵام پێدەچێت بەعەقڵانیکراو بێت. سەرەتا بەشێوەی نەرم و دواتر بە چینیکردنی پەیوەندی، هەڵسوکەوت، بیرکردنەوە و رێککەوتننامەکان و کایەکانی تر. دوێنێ لە پیشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب، وەشانخانەیەکی میسڕی تەواوی دنیای فکر، مەعریفە، فەرهەنگ، سیاسەت و کۆمەڵگەی چینی بە عەرەبی کردبوو. کۆنفۆشیۆس و رێگەی ئاوریشم بە زمانی عەرەبی. لێگەسی چینی بەزمانی عەرەبی. ئەم هەوڵە بەشێکە لە هاتنی چین بۆ لای ئێمە. 
ئەم رێککەوتننە لەدەستپێکدا دەیەویت بەمشێوەیە بدوێت: 
-چین لە جیهانی عەرەبی زیاتر دەبینرێت. لەئاستی جیۆپۆلەتیک بەڕێگەی پڕۆژەی ئاوریشم. لەئاستی دبلۆماسی بەڕێگەی نێوەندگیری و لەیەکترنزیککردنەوەی دژەکان. دیارە سعودیە و ئێران ئەم دەرگا و بینراوییەی چین خێراتر دەکەن. چین باشتر دەتوانێت ئامادەبێت و بێتەژوورەوە. 
-پێدەچێت ئەم وێنە جیۆپۆلەتیکییە کەمێک کاڵ ببێتەوە گوایە ئێران پانتاییەکی چینی، سعودیە ئەمەریکی و عیراق خۆڵەمێشی بێت و لەنێوان چین و ئەمەریکادا جۆلانێ بکات و بێت و بچێت. پانتاییەکە زیاتر چینیانە بێت ئەگەر بەشێوەی سیمبولیش بێت. 
-سیستمی سیاسی و ئاسایشی هەرێمی ناوچەکە شێوەی تر وەربگرێت Reshaping the regional system ناوچە پەراوێزییەکان لەنێوان سعویە و ئێران هارمۆنیا، تێگەیشتن و بنەمای تری بۆ دابنرێت بەتایبەت سوریا و یەمەن. 
-عیراق پەرت و دابڕاو دەمێنێتەوە. بنەمای هێز و جیۆپۆلەتیک لە عیراق ناهاوسەنگە. هەرچەند رێژەی زاڵ لە هێز و جیۆپۆلەتیک و بڕیار تائێستاش لە عیراق لای ئێرانییەکانە. عیراق لەقۆناغی Democratic transformation و هێشتا شلۆق و لەرزۆکە، ئاسان یاری هەرێمی تێدا دەکرێت. بەتایبەت کاتێک زۆرینەی سەرچاوەکانی هێز لای ئەکتەرە کلاسیکییەکانە لەبری دنیای دامەزراوە و یاساکان. 
وادەردەکەوێت ئەم جوڵەیە پەیامی زیاتر لەهەناوی خۆیدا هەڵبگرێت. پەیام بۆ ئەمەریکا و مانەوەی، سیاسەت، پەیوەندی و بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ هاوڕێکانی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. هەرچەند ئەمەریکا هێزێک نییە خێرا و ئاسان ساندویچ بکرێت. بەتایبەت هێشتا لەژێر کاریگەری و باڵایی بەشیکی بەهاکانی سیستمی نوێی جیهانی New World Order داین. دەبێت بزانین گوتاری خێرای ئەمەریکا چی دەبێت، چۆن قسەدەکات و دەدوێت لەبەرامبەر ئەو رووداوەدا. بەختێکی باش بۆ رێککەوتنێک کە رووخسارەکەی لێی نووسراوە Made in Chine!

پەیڕەو ئەنوەر


ڕیکلام