ئاواتی شێخ جەناب و عومەری سەید عەلی حکومەت دەخەنە ململانێکانییانەوە

  2023-12-31  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هەرچەندە هێشتا ئەو پرۆسەیەی کە ناونرابوو پرۆسەی ئاشتەوایی گۆڕان، بەو ئەنجامە کۆتایی نەهات کە سەرکردایەتی گۆڕان چاوەڕێی بوون، دەیان ناکۆکی دیکە ئێخەی ئەو حزبە دەگرێت و گەورەترینیشیان ناکۆکی نێوان ئاواتی شێخ جەناب وەزیری دارایی و عومەری سەید عەلی ڕێکخستنی ئێستای ئەو حزبەیە.

لە ڕۆژی ٢٥ی ئەم مانگەدا، بزووتنەوەی گۆڕان دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەکە کردەوە، ئەمە هاوکات لە هەڵبژاردنی ستافێکی نوێ بۆ خانەی ڕاپەڕاندن.

هەرچەندە سەرەتا زانیاری هەبوو کە عومەری سەید عەلی ویستی خۆکاندیدکردنەوەی نییە بۆ ئەو پۆستە، بەڵام دواتر دۆخەکە دەگۆڕێت و ویستی ڕێکخەری گشتیی ئێستا بۆ سێبارە خۆپاڵاوتن لای بەرپرسانی دیکەی گۆڕان نیگەران دەکات، بە تایبەت ئاوات شێخ جەناب کە خۆی بە شایستەی ئەوە زانیووە و لە کۆبونەوە فەرمی و نافەرمییەکان ئاماژەشی بەوە داوە کە شکستی گۆڕان پشکی شێری لە ئەستۆی عومەری سەید عەلییە و کاتی ئەوەیە کۆتایی بە ماوەی کارکردنی بهێنێت وەک کەسی یەکەمی گۆڕان.

لە بەرامبەردا عومەری سەید عەلی بڕیاردەدات کە لە ڕێی میدیای فەرمی گۆڕانەوە لەڕێی بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک بەناوی (حکومەتی هەرێم دەیتوانی موچەیەکی دیکەش دابەش بکات) بەرپەچی ئەو هەوڵانەی ئاواتی شێخ جەنابی دابوویەوە کە بۆ لادانی ئەو دەستیپێکردبوو، لێرەوە ناکۆکییە ناوخۆییەکانی گۆڕان پەرەی سەند و چووە قۆناغێکی نوێ و کەیسی دارایی و حکومەت و موچەی موچەخۆرانیان خستە نێو کێشەکانی خۆیان.

لەپاش بەکارهێنانی میدیای فەرمی گۆڕان وەک چەکی عومەری سەید عەلی بەرامبەر ئاواتی شێخ جەناب، وەزیری دارایش لەڕێی وەزارەتەوە وەڵامی ڕاپۆرتەکەی میدیای گۆڕانی دایەوە و لەو ڕاگەیاندراوەدا، ئاواتی شێخ جەناب سڵی نەکردوەتەوە لە بەکارهێنانی وشەی (زەین کوێر، پۆپۆلیست، درۆ و چەواشەکاری، شێواندنی ڕای گشتیی).

لە دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفاوە، عومەری سەید عەلی وەک ڕێکخەری بزووتنەوەکە هەڵبژێردرا، لەو کاتەوە بە تێپەڕبوونی کات دۆخی گۆڕان بەرەو خراپ دەڕوات و نەیتوانیوە هەنگاوێک بۆ پێشەوە بنێت.

بەو هۆیەوە کێشە ناوخۆییەکانی ئەو بزووتنەوەیە ڕۆژ بە ڕۆژ قوڵتر دەبنەوە، سەدان بەرپرس و سەدان هەزار دەنگدەر لەو حزبە دوورکەوتنەوە، ئێستاش لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی ڕێکخەری گشتیی و خانەی ڕاپەراندنی حزبەکە، جارێکی دیکە کێشەکان گەیشتوونەتە ترۆپک و ئەم جارەیان لەسەر مەیدانێکی فراوانتر.

 


ڕیکلام