پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا بەدواداچوون بۆ كەیسی رۆژنامەنووسان "شێروان شێروانی و گوهدار زێباری و سلێمان ئەحمەد" دەکات

  2024-02-14  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنوسان و نوسەرانی سەربەخۆ " ڕۆنووس" لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا لەرێگەی دوو پەرلەمانتاری یەکێتی ئەوروپا و بە نوسراوێکی فەرمی دۆسیەی شێروان شێروانی و گۆهدار زێباری و سلێمان ئەحمەدی ئاراستەی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا کرد و پەرلەمانی ئەوروپاش بە نوسراوێک وەڵامی داوەتەوە، وەڵامەکەش لە ماڵپەری فەرمی پەرلەمانی ئەروپا بڵاوکراوەتەوە.

لە چەند مانگی ڕابردوودا فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نوسەرانی سەربەخۆ" ڕۆنووس" بە نوسراوێکی فەرمی و لە ڕێگەی هەریەک لە پەرلەمانتارانی یەکێتی ئەورووپا "نیکۆلای ڤیلومسن نوێنەری وڵاتی  دانیمارک و مالین بیۆرک نوێنەری وڵاتی سوید لە گروپی چەپ، چەند پرسیارێکی لە بارەی دۆخی ئازادی رادەربڕین و مافی مرۆڤ و سزدراوانی بادینانەوە ئاراستەی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا کرد.

سەرچاوەیەک ئە ئەنجومەنی جێبەجێکردنی "ڕۆنووس"ڕایگەیاند دوای ئەوەی پرسیارەکانمان ئاراستەی پەرلەمانی ئەوروپا کرد و ئەو دوو پەرلەمانتارە گەیاندیانە کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی یەکێتی ئەوروپا، وەزارەتی دەرەوەی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا وەڵامی نوسراو و پرسیارەکانیان داوینەتەوە و لە ماڵپەری فەرمی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپاش بڵاویان کردۆتەوە.

سەرچاوەکەی ئەنجومەنی ڕۆنووس لەبارەی وەڵامەکەی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپاوە ئاشکرای کرد کە نوێنەری باڵای سەرۆکایەتی، وەڵامی پرسیارەکانی داوەتەوە و ئاشکرای کردوە کە " یەکێتی ئەوروپا ئاگاداری کەیسەکانی شێروان شێروانی، سلێمان ئەحمەد و گوهدار زێبارییە و داوای لە کۆمسیۆنی  خزمەتگوزاریی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا کردوە بە دواداچوون بۆ ئەو دۆسیانە بکات و ڕاپۆرتی پێویست بداتە پەرلەمانی ئەوروپا و رێگاکانی هاوکاریکردنی دۆسیەکان ئاشکرا بکات".

لە وەڵامەکەی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپادا لە بارەی دۆخی ئازادی رادەربڕێن و مافی مرۆڤەوە لە هەرێمی کوردستان باس لەوەکراوە کە " لە دۆخی مافی مرۆڤ و ئازادی رادەبرین و کاری رۆژنامەگەریی لە هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی مانگی تەمووزی یەکێتی ئەوروپادا لە برۆکسل بە وردی باسکراوەو بەرتەسککردنەوەی ئازادی ڕا دەربڕین لە هەرێمی کوردستان بابەتێکە کە یەکێتی ئەوروپا قسەی لەبایەوە هەیە".

لە وەڵامی پرسیارەکانی فیدراسیۆنی ڕۆنووسدا کە لە ماڵپەری سەرەکی پەرلەمانی یەکێتی ئەورووپا بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوەکراوە کە "یەکێتیی ئەورووپا بەردەوامە لە وروژاندنی پرسەکانی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕۆژنامەوانی بە بەردەوامی لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ نوێنەرانی هەرێمی کوردستانی عێراق و هەمیشەش لەگەڵ نوێنەرانی یەکێتی ئەوروپا لە ولاتانی جیاواز لەسەر هەمان بابەت گفتوگۆمان دەبێت و لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانیش لە بارەی مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربرین و باشترکردنی کاری مەدەنی لە هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵ دەبین".

 


ڕیکلام