بافڵ جەلال تاڵەبانی ستراتیژی نوێی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستانی راگەیاند

  2024-03-17  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەسپێک و ستراتیژی نوێی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستانی راگەیاند.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رێورەسمێكدا كە سەركەوت زەكی، بەرپرسی مەكتەبی رێكخستن ئامادەیبوو، پێکهاتەی نوێی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستانی ئاشکراکرد و رایگەیاند، پێشتر بەڵێنمان بە خوێندكاران، گەنجان و لاوانی كوردستان دابوو لەگەڵیان دەمێنمەوە و پاڵپشت و هاوكاریان دەبم، لەو چوارچێوەیەشدا لەمەودوا خۆم سەرپەرشتیی كارەكانی كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان دەكەم.

وتیشی، باوەڕی تەواوم بە وزەی نوێ و بیری داهێنەرانەی خوێندكاران و گەنجانمان هەیە، بۆیە دڵنیام پێكەوە دەتوانین كاری گەورەتر بكەین و داهاتوویەكی پرشنگدار بونیادبنێین، داهاتوویەك كە تەنیا خوێنگەرمی و دڵسۆزیی ئەوان زامنی دەكات.

بافڵ جەلال تاڵەبانی روونیشیکردەوە، لەماوەی رابردوودا لەسەر داوا و پێشنیاری خوێندكاران و لەپێناو بونیادنانەوەی بەشێوازێكی نوێ و سەردەمییانە، كارەكانی كۆمەڵەی خوێندكارانمان راگرت، ئەمڕۆش بە تێگەیشتن لە دۆخی هەرێمی كوردستان و پێویستییەكانی گەنجان و لاوان، كارەكانی كۆمەڵەكە دەستپێدەكاتەوە و دەبێتە سەكۆیەكی گرنگ و كاریگەر بۆ بەرگریگردن لە مافەكانی خوێندكاران و بەدیهێنانی خواستەكانیان.

بافڵ جەلال تاڵەبانی وتیشی، كۆمەڵەی خوێندكاران بە رەهایی نوێگەر و سەردەمییانە دەبێت، دوور لە هەموو بەرژەوەندییەك و بەبێ گوێدانە ئینتیمای حزبی و سیاسی  درێژە بە كارەكانی دەدات و لەخزمەت كەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا دەبێت، جگەلەوەی بەبیری نوێ و هەنگاوی كردەییەوە هەنگاو بەرەو بەجیهانیبوون دەنێت لەبوارە جیاوازەكاندا.


ڕیکلام