سەمیر هەورامی: ئەو کەسەی بە ناوی وتەبێژی حکومەتەوە قسەدەکات هیچ پەیوەندییەکی بە یەکێتییەوە نییە

  2024-03-23  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایدەگەیەنێت، ئەو کەسەی بەناوی وتەبێژی حکومەتەوە قسە دەکات، تەنها گوزارشت لە خۆی و تیمە وەزاریەکەیان دەکات هیچ پەیوەندییەکی بە یەکێتییەوە نییە.

سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، کەسێک بەناو وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لێدوانی داوە لەبارەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و مافی موچەخۆرانی کوردستانەوە، لەمبارەیەوە بە پێویستی دەزانین وەڵامی بدەینەوە.

سەمیر هەورامی ئاماژەبەوەدەکات، "لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمدا، کەسێکمان نەبووە و نییە کە وەک وتەبێژ، هەڵوێستەکانی تەعبیری لە سیاسەت و بۆچونەکانی تیمی وەزاری یەکێتی بکات، بەڵکو ئەو کەسەی بەناوی وتەبێژی حکومەتەوە قسە دەکات، تەنها تەعبیر لە خۆی و تیمە وەزاریەکەیان دەکات بۆیە ئەوەی وتوویەتی هیچ پەیوەندییەکی بە یەکێتییەوە نییە".

وتەبێژی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەشڵێت، لەبری لێدوان و قسەو تۆمەت بەخشینەوە، واباشتر بوو بەهەموومانەوە هەوڵی چارەسەر کردنی گرفتەکان بدەین و مافی مووچەخۆران دەستەبەر بکەین، هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکان بەبێ متمانە و پشتگیریی خەڵکی کوردستان و تەنها بە دروشم ناپارێزرێت.

 
 
 


ڕیکلام