وەزارەتی دارایی بڕیارێکی نوێ لەسەر مافی موچەی خانەنشینی دەدات

  2024-03-24  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی دارایی دەڵێت: ئەو فەرمانبەرانەی کە پێشتر لەوەزیفە لادراون یان دەرکراون ئەگەر خزمەتەکەیان لە ١٥ ساڵ زیاتر بوو مافی خانەنشینی ھەیە بەڵام تا تەمەنی ٤٥ ساڵی موچەی بۆ خەرجناکرێت.

بەگوێرەی نوسراوێکی وەزارەتی دارایی حکومەتی ھەرێم کە ڕۆژی ٤ی ٣ی ٢٠٢٤ دەرچوە ئاماژە بەوەکراوە، ئەو فەرمانبەرانەی دەرکردن (فەسڵ)و لەکارخستن (عەزل) کراون، مافی خەرجکردنی موچەی مۆڵەتی کۆکراوەیان بۆ ماوەی ١٨٠ ڕۆژ نییە.

وەزارەتی دارایی جەختیکردوەتەوە، ئەو بڕیارە پاڵپشتە بەنوسراوێکی ئەنجومەنی شورای ھەرێمی کوردستان، لەکۆنوسی لیژنەی دەرکردن‌و پێداچونەوە بەڕێنوێنییە داراییەکان، کە لە ١٣ی ٢ی ٢٠٢٤، دەرچوە، فەرمانبەرانی دەرکراوو لەکارخراو بەگوێرەی گشتاندنێک خانەنشیندەکرێن، کە لەساڵی ٢٠٢٢ دەرکراوە.

لەو گشتاندنەی ساڵی ٢٠٢٢ی وەزارەتی داراییدا ھاتوە: ھەر فەرمانبەرێک لێخستن (عەزل) یان لەکارخستن (فەسڵ) بکرێت، یان بەھۆی ناچاری ڕاژەکەی جێبھێڵێت‌و خزمەتەکەی ١٥ ساڵ یان زیاتربێت، ئەوا شایستەی موچەی خانەنشینی دەبێت، بەڵام موچەی بۆ خەرجناکرێت، تاوەکو ٤٥ ساڵی تەمەنی تەواودەکات، ھەروەھا ئەو فەرمانبەرانەی بەبێ ڕەزامەندیی لایەنی پەیوەندیدار دەستیان لەکارکێشاوەتەوە، ئەوا شایستەی مافی خانەنشینی نایانگرێتەوە.

ئەوەش زانراوە، ھەر فەرمانبەرێک، کە فەسڵکراوەو دەستلەکارکێشانەوەی قبوڵکراوەو ١٥ ساڵ خزمەتی ھەیەو ٤٥ ساڵیش تەمەنی ھەیە، ئەوا خانەنشیندەکرێت‌و موچەی خانەنشینی بۆ دەبڕدرێتەوە، بەڵام موچەی مۆڵەتی کۆکراوەی ١٨٠ ڕۆژی پێنادرێت.


ڕیکلام