کەشناسی هۆشداری دەدات لە دروستبوونی لافاو لە چەند ناوچەیەک

  2024-03-24  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت: لە گەرمیان و چەند ناوچەیەکی ھەردوو پارێزگای سلێمانی و ھەڵەجە ئەگەری دروستبوونی لافاو ھەیە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی سلێمانی، پێشبینییەکانی بۆ کەشوھەوای ٤٨ کاتژمێری داھاتوو بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ئەنجامی کاریگەریی دوو نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سوور و کەنداوی عەرەبی، شەپۆلێکی بارانبارین ڕوو لە ناوچەکە دەکات و کاریگەریی ئەم شەپۆلە سەرەتا لە ناوچەکانی باشوری ھەرێم دەستپێدەکات، لە ئیدارەی گەرمیان و بەشێک لە سنووری پارێزگای ھەڵەبجە و باشوری پارێزگای سلێمانی بارانبارینی بەلێزمە و ھەورەتریشقە دەبێت و بارانبارین بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی تر زیاتر دەبێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کردوە کە بڕی بارانبارینی پێشبینیکراو لە سنوری ئیدارەی گەرمیان لە نێوان ٣٥ ملیم تا ٤٥ ملیم دەبێت،بەڵام لە سنوری پارێزگای ھەولێر و ئیدارەی ڕاپەڕین و سنوری پارێزگای دھۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بارانبارین کەمتر دەبێت، لە ناوچە سنورییەکان و لوتکەی شاخە بەرزەکانیش بەفر دەبارێت.

سیروان ساڵح شارەزای بواری کەشناسی ڕایگەیاند: ئەگەری دروستبوونی لافاو ھەیە و بە پلەی یەکەم گەرمیان دەگرێتەوە لە خانەقینەوە تا مەندەلی و لەوێشەوە بەرەو بەعقوبە و تەواوی گوندەکانی ئەو نێوانە درێژدەبێتەوە. بە پلەی دووەمیش تەواوی ناوچەکانی تری گەرمیان دێن کە ئەمشەو بەھۆی بارانی بەخوڕەوە ئەگەر ھەیە لافاو لە تەواوی چەم و دۆڵەکانی ئەو ناوچانە و ھەندێک ناوچەی ھەردوو پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە دروستببێت.


ڕیکلام