هەڤاڵ ئەبوبەکر: خۆمانیان لە خۆمان نامۆو دەخیل و نەیارو دوژمن کردووە

  2024-03-29  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مۆرگن فریمان ئەکتەری بەناوبانگی جیهانیی لە فیلمی ژیانەوەی شەوشانکداو، لە ڕۆڵی ڕیددا، دوای چل ساڵ مانەوە لە زیندان، ئازاددەکرێت، کە دەگەڕێتەوە ناو کایەی گشتیی، بێوەرگرتنی مۆڵەت لە دەوروبەرەکەی تا ماوەیەکی زۆر بووە بە خوو تیایدا؛ ناتوانێت هیچ ھەنگاوێک بنێت.

ئەوەی دەربازی دەکات لەو مۆتەکەی پشتبەخۆنەبەستن و بێبڕوابەخۆبوونە؛ وشەی (ئومێد)و بوونی (ئیرادە)یە، کە هاوڕێ ئاندی دۆفرسنی لە زیندانی تاهەتایدا فێریدەکات، دواجار هەر ئەو ئومێدە؛ ژیانی لە ناوی چاوەڕوانیی مەرگدا؛ دەژێنێتەوە، ئازاددەبێت؛ ئەمجارە خۆی بڕیاری ڕاست لە چارەنوس و ژیانی خۆی دەدات، نەک ئەوانی تر.

لێرەوە، کە دەڕوانیتە دۆخی کوردستان و خەڵکی کوردستان، کە ساڵانێکی زۆرو تەمەنێکی دورو دێرین؛ لە ژێر چەوساندنەوەو داگیرکاریی و لەناوبردن و لە باربردن و پاکتاوکردندا بووە، تا ئەوەی خۆمانیان لە خۆمان نامۆو دەخیل و نەیارو دوژمن کردووەو، بەردەوام هەوڵی نائومێدکردن و بێئیرادەکردنیان داوین و ئێمەش لە داویاندا بەردەوام دانی نائومێدیی و بێئیرادەییمان خواردووە.

کەمن ئەوانەی دوربینانەو وردبینانەو بابەتیانە؛ بە ئومێدێکی زۆرو گەش و، بە ئیرادەیەکی بەهێزو پتەوو بە بیرو بڕواو باوەڕو، گفتارو وتارو کردارو کردەی کردارەکانیان، بەلۆژیک و خوێندنەوەی واقیع و ئەزمونکردنی مێژوو ڕوداوو شکست و سەرکەوتنەکان؛ کاریان لەسەر خۆیان و کۆمەڵگاو دەوروبەرەکەیان و گۆڕینی واقیعی سەپێنراو کردبێت، خۆیان بەچەقی دەستپێشخەریی و خاڵی دەستپێکردنی گۆڕانکارییەکان زانیبێت، وەستایانەو سەرقافڵانە بێماندوبوون و خاوبوونەوە؛ لە خەمی گەیشتن بە ئاوات و ئومێدو ئەنجامەکاندابن.

زۆرێکیش؛ نائومێدانە، لە چاوەڕوانیی و وەستان و شاگردێتیدا ماونەتەوەو دەستوپێ سپیانە؛ ھەرگیز خۆیان بەدەستپێشخەرو بەدیلێکی گونجاو نەزانیوە.

ڕەوانشاد محەمەد ئەمین زەکی بەگ، لە خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستاندا؛ لە فیئەی مەغلوبە دەدوێت، کە چۆن ئەگەر ڕۆژێک کوردیش خۆی بووە خاوەنی خۆی؛ هەموو شت دەخەنە ژێر دەستیخۆیانەوەو ئەوەی کە دوژمنانیش نەیانتوانیوە بە کوردی بکەن، ئەوان بەخۆیانی دەکەن.

شەهید ئارام، لە دەستنوسەکانی سەرەتای حەفتاکانیدا؛ باس لە مەترسیی و سەرەخۆریی و خۆپەرستیی و دنیاویستیی سەرکردەکانی شۆڕشدەکات و، پێشبینیی هاتنەکایەی وردە بۆرژواکان دەکات، کە دواجار هەموو شت دەشێوێنن و ناو لە ناوەڕۆکەکان و تەڕیی لە ئاو؛ دادەماڵن.

ئەوەی لە هەموو ئەم دۆخانە دەربازماندەکات؛ ئومێدو ئیرادەو بەردەوامبوون و لەسەرڕێی ڕاستبوون و متمانەبەیەکبوون و پشتبەخۆبەستن و سوربوون و جەسوربوون و مکوڕبوون و وننەکردنی ئامانجەکان و کاربۆ ژیان و خەم و خواست و خەونە پیرۆزە گشتییەکانە، بۆ ئەوەی؛ بگەینە؛ ژیانەوەی کوردستان..


ڕیکلام