بۆ ماوەیەکى کاتى کارکردن لە شەقامی 100 مەتری سلێمانى راگیرا

  2020-07-21  | 
فۆتۆ: دڵشاد سەید عەلى
 دڵشاد سەید عەلی
ئەمڕۆ لە سلێمانى ژمارەیەک خاوەن زەوی گردبوونەوە و پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانییان بە کاتی ڕاگرت و داوای قەرەبوو دەکەن.

هەفتەى ڕابردوو مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم لە ڕێوڕەسمێکدا بەردى بناغەى شەقامى 100 مەترى سلێمانى دانا و دواى یەک هەفتە کارکردن لە پرۆژەکە ئەمڕۆ لەلایەن ژمارەیەک خاوەن زەوی ئەو پرۆژەیە بۆ ماوەیەکى کاتى راگیرا و داواى قەرەبووکردنەوەى زەویەکانیان کرد.

 ئەو خاوەن زەویانە ئاماژەیان بەوەکرد، ساڵانێکى زۆرە ئەو زەویانەیان بەدەستەوەیە و ئێستا بەر ئەو پرۆژەى شەقامى 100 مەتریە دەکەوێت، داوادەکەن لەبەرامبەر زەویەکانیان قەرەبوو بکرێنەوە، بەڵام تائێستا هیچ وەڵامیک نەدراونەتەوە، چاوەڕوانى حکومەتن وەڵامى داواکاریەکانیان بداتەوە.

وەک خۆیان دەڵین،  زەویەکە بەناو ئەو جوتیارانەخۆیانەوەیە و بەشێک لەزەویەکانیان بەر شەقامەکە دەکەوێت، پێشتر بەڵێنى قەرەبووکردنیان پێدراوە، بەڵام دواى دەستپێکردنى پرۆژەکە هیچ وەڵامیکى ئەو خاوەن زەویانە نەدراوەتەوە، بەو هۆیەوە رێگرى لەکارکردن لەشەقامەکە دەکەن.

ئاماژەیان بەوەشکرد، بەهیچ شێوەیەک رێگە نادەن کارلە پرۆژەکەدا بکرێت، تا ئەوکاتەى وەڵامى داواکاریەکانیان دەدرێتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە رۆژى یەكشەممە 2020/07/12 یەكەم رۆژی دەستپێكردنی پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانیی دەستپێکرد، ئەوەش دوای ئەوە دێت کە دواى حەوت ساڵ بۆ دووەم جار بەردی بناغەی شەقامەكە دانرا و دەست بەجێبەجێکردنى پرۆژەکەکرا.
داڕشتنەوە: شادان حەسەن