ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە عێراق 100 هەزار كەسی تێپەڕكرد

  2020-07-23  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند ژمارەی تووشبوون بە كۆرۆنا لە وڵاتەكەدا 100 هەزار كەسی تێپەڕكرد و تەنها لەمڕۆدا 80 كەس گیانیان لەدەستداوە.

وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق ئامارەكانی كۆرۆنای لە 24 كاتژمێری رابردوو بڵاوكردەوە و رایگەیاند لەو ماوەیەدا 16هەزار و 947 پشكنینی نوێی كۆرۆنا ئەنجامدراوە بەوەش كۆی پشكنینەكانی كۆرۆنا تا ئێستا گەیشتووەتە  861هەزار و 165پشكنین. 

وەزارەتەكە روونیكردەوە لەو ماوەیەدا دوو هەزار و 258 كەس لە نەخۆشیەكە چاكبوونەتەوە و دوو هەزار و 361 تووشبووی نوێَش تۆماركراون و 80 كەسیش گیانیان لەدەستداوە. 

وەزارەتەكە رایگەیاند بەوەش كۆی تووشبووانی كۆرۆنا لە عێراق تا ئێستا گەیشتووەتە 102هەزار و 226كەس و لە نێویاندا 69هەزار و 405 كەس كە دەاتە رێژەی 68%ی تووشبووان چاكبوونەتەوە. 

ئەوەشی روونكردووەتەوە تا ئێستا چوار هەزار و 122 كەس گیانیان لەدەستداوە لە ئێستاشدا 28 هەزار و 699 كەس لەژێرچاودێریدا ماونەتەوە و 375 كەسیان لەژێر چاودێری وردان.  


ڕیکلام