ئاگر لە كۆگایەكی نەخۆشخانەی گشتی كەركوك كەوتەوە

  2020-08-07  | 
دۆسیە:  کەرکوک
 سۆران عەبدولکەریم
ئێوارەی ئەمڕۆ ئاگر لەكۆگایەكی هەڵگرتنی دەرمان وپێداویستی پزیشكی نەخۆشخانەی گشتی كەركوك كەوتەوە كە تایبەتكراوە بە تووشبووانی كۆرۆنا لە شارەكە.


زیاد خەڵەف، بەڕێوبەری گشتی فەرمانگەی تەندروستی كەركوك، لەشوێنی ڕوداوەكەوە بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی ووت لێكۆڵینەوە لەهۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكە دەستی پێكردووە، بەگوێرەی زانیاریە سەرەتاییەكان كەوتنەوەی ئاگرەكە بەهۆی شۆڕتی كارەباوە بووە. 

ئەو روونیكردەوە ئاگرەكە بووەتە هۆی سووتانی یەكێك لەكۆگاكانی دەرمان وپێداویستی پزیشكی ئەو نەخۆشخانەیە وزیانەكانیش زۆرنین و سنوردارن.

لەبارەی خەمڵاندنیان بۆ زیانەكان باسی لەوەكرد لەدوو ڕۆژی داهاتوو ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان ئاشكرا دەكەن و لە ئێٍستاشدا پێداویستی پزیشكی دیكە پێشكەش بەنەخۆشخانەكە دەكەن. 

ئەو كۆگایە یەكێكە لە ١٠ كۆگای هەڵگرتنی دەرمان لەو نەخۆشخانەیە وبڕێك دەرمان و پێداویستی وەك دەمامك و دەستكێش پێداویستی دیكەی لەخۆی گرتبوو.



ڕیکلام