خەز عەلی: كۆمپانیاكانی مۆبایلی عێراق پەیوەندیان لەگەڵ هەواڵگری ئەمریكا هەیە

  2020-08-09  | 
دۆسیە:  حەشدی شەعبی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق سوورە لەسەر دەركردنی هێزە ئەمریكیەكان لە عێراق، ئاماژەی بەوەشكرد یەكێك لە كۆمپانیایكانی مۆبایل لە عێراق زانیاریداوەتە ئەمریكا بۆ كوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس.

 قەیس خەزعەلی، لە وتەیەكیدا بەهۆی جەژنی غەدیرەوە، رایگەیاند، كارێكی باش نییە عێراق لەژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتییەكی دەرەكیدا بێت و مایەی قبوڵ نییە كە ناسۆری خەڵك چەندبارە ببێتەوە. 

ئەو سەركردەیەی حەشدی شەعبی هەڕەشەی لە ئەمریكا كردەوە و بەڵێنی بە هەریەكە لە قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس داوە كە لە تۆڵەی خوێنێ ئەواندا ئەمریكا لە وڵاتەكە بكاتە دەرەوە. 

ئەوەشی روونكردەوە، عێراق پێویستی بە بڕیارێكی نیشتمانی هەیە  كە بڕیاردەرەكە لەژێر گوشاری ئەمریكادا نەبێت،  ئەو باسی لەوەشكرد، كۆمپانیاكانی مۆبایل لە بەغدا پەیوەندییان لەگەڵ هەواڵگری و باڵیۆزخانەی ئەمریكادا هەیە و یەكێك لە كۆمپانیاكانی مۆبایل ئاسانكاریی بۆ ئەمریكا كردووە تا قاسم سولەیمانی و ئەوبمەهدی موهەندیس بكوژرێن.

ئەو سەركردەیەی حەشد داوای لە حكومەت كرد كە چەك لە دەستی خەڵكی ئاسایدا نەمێنێتەوە و كۆگاكانی چەك و تەقەمەنی  لە ناو شارەكاندا نەمێننەوە بۆ ئەوەی نەبنە هۆی زیان بۆ خەڵك. 
 


ڕیکلام