پەروەردەکردنی نەوەیەکی نوێ، تاکە چارەسەرە؛ سەبارەت بە فیلمی پلاتفۆڕم(سەكۆ)

  2020-08-17  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان

 عیسا عوسمان

فیلمی [The Platform-  سەکۆ یەکێکە لەو فیلمە گرنگانەی کە گوزارشت لە بارودۆخی ئێستەی کۆمەڵگە و مرۆڤ دەکات کە چۆن لەناو سیستەمدا قەتیس بووە و هیچ دەرچەیەکی دەربازبوونی بۆ نەماوەتەوە. لێرەدا هەوڵ دەدەم بەپێی تێگەیشتن و لێکدانەوەی خۆم تا ڕادەیەک هەندێ لایەنی گرنگی فیلمەکە ڕوون بکەمەوە، کە ڕەنگە زۆرێک لە بینەران سەرنجیان بۆیان نەچووبێت و زۆر ڕووکەش و سادە پەیامەکەیان وەرگرتبێت.

بیرۆکەی فیلمەکە بە گشتی بە دەور شێوانی تاک و کۆمەڵگەکان و بەکارهێنیان لە لایەن سیستەمەکانی وەک سەرمایەدارییەوە دەسووڕێتەوە. پێمان دەڵێت کە چۆن چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دواجار خۆیان لەو مردن و نەهامەتییانە بەرپەرسن کە بەدەستیانەوە دەناڵێنن، گەرچی هەر لە بنەڕەتەوە سیستەمێک دەستی تێیاندا هەبێت و ئەم شێواندنە ئامانجی بووبێت، بەڵام ئەگەر ئێمەش پابەند بووینایە بە بەها ئەخلاقییەکان و کەمێک ورد بیرمان لە دۆخەکە بکردایەتەوە، ئەوا ڕەنگە تووشی ئەم هەموو دەرد و بەڵایە نەبووینایە. فیلمەکە بەم شێوەیە دەست پێ دەکات ''سێ جۆر مرۆڤ هەن: ئەوانەی لە سەرەوەن، ئەوانەی لە خوارەوەن، لەگەڵ ئەوانەی کە دەکەون.'' ڕەنگە دوو بڕگەی سەرەتای ئەم قسەیە ڕوون بێت، چونکە ئاماژە بە دوو چینی زەق و سەرەکی کۆمەڵگە دەدات، کە چینەکانی هەژار و دەوڵەمەند، واتە ''ئەرستۆکرات و پڕۆلیتار''ن. بەڵام سێیەمیان دوو لێکدانەوە هەڵدەگرێت، یەکەم مەبەست لێی ئەو کەسانەن کە لەناو فیلمەکە، واتە لەنێو کونەکەدا کە هەر بە زیندانێک دەچێت، دەکەون، دووەم مەبەست لێی ئەو کەسانەی کە بەردەوام قوربانی دەدەن و لەپێناو دروستکردنی گۆڕانکارییەکدا دەکەون. بە کورتی مەبەست لێی ئەو کەسانەن کە نایەوێت گۆڕانکاریی دروست بکەن، ئەوانەی کە دەیانەوێت و دەسەڵاتیان نییە، لەگەڵ ئەوانەی کە سەرکێشی دەکەن و لەپێناو گۆڕانکاریدا کە ئامانجێکی گەورەترە خۆیان دەخەنە مەترسییەوە و لە هەوڵ و تەقەللا ناکەون.

بینەری وردبین و زیرەک هەر زوو سەرنجی دەپەڕێتە سەر ئاماژە گرنگەکانی فیلمەکە. چینی سەرەوە، ئەوانەی کە خۆش دەژین و لە دەرەوەی ئافاتەکەن، بێئاگان لەوەی چ دۆزەخێک لەناو چینەکانی خوار خۆیاندا دەگوزەرێت، بەڵام ئەمە سیستەم ناگرێتەوە، چونکە دواجار سیستەم لە سەروو هەموویەوەیەتی و ئاگادارە. هەرچی چینەکانی خوارەوەن کە مەبەست لێی هەموو ئەو ئاستانەن کە لە فیلمەکەدا نیشان دراون بەو مرۆڤە حساب دەکرێن کە خوارەوەن، ڕەنگە هەندێکیان لە سەرووترەوە بن، بەڵام لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی دیکە ئەم پێگەیەیان دەگۆڕێت و لە لایەن سەرمایەدارییەوە یاریان پێ دەکرێت. لێرەدا ڕەنگە باشترین لێکدانەوە کە لەگەڵ فیلمەکەدا یەک بگرێتەوە ئەوە بێت، کە دوو چین هەن، چینی دەوڵەمەند و هەژار نا، چونکە لە فیلمەکەدا ئەم دووانە هەردووکی بە چینی خوارەوە حسێب کراون، لەبەر ئەوەی وەک گوتمان دواجار گشتیان یارییەکی دەستی سیستەمن و ئەوانەی کە لەسەر عەرشی فەرمانڕەوایەتی سیستەم دانیشتووم، ئەوانەن کە سەر بە چینی سەرەوەن، نەک کۆمەڵێک دەوڵەمەند و بازرگانی بێئەقڵ! چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە لەناو خۆیاندا ناکۆکن و ناتوانن ئاقڵانە پێک بێن و گۆڕانکاری گەورە دروست بکەن، ئەوانەی کە لە سەرەوەن، میز و پیسایی بەوانەی خوار خۆیاندا دەکەن، بێئاگا لەوەی کە سبەینێ هەمان کاریان بەرانبەر ئەنجام دەدرێتەوە. لەم فیلمەدا بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ئەگەر زیاد لە پێویست دەست بۆ مافی خۆمان درێژ نەکەین و هەڵنەکووتینە سەر ئەوانی دیکە، ڕەنگە هەموومان پێکەوە بە ئاسوودەیی و بێکێشە بژین! ڕەنگە بە وردبوونەوە لەو کەمە ئەخلاق و فامەی کە تێماندا ماوەتەوە، بگەینە چارەسەرێک. ئەو خۆراکەی کە ڕۆژانە دەیخۆین ڕەنگە بەشی بیست مرۆڤ بکات لە سودان، بەڵام بیرۆکەکە دروست لەمەدا نییە، فیلمەکە هەروا ڕووکەشی نەچووەتە ناو پرسەکان، بەڵکوو هەندێک پرسی قووڵی فەلسەفی لە خۆی گرتووە. بڕگەیەک لە ڕۆمانی دۆن خیۆتێ وەرگیراوە، ئەکتەری سەرەکی فیلمەکە ''گۆرینگ'' دەیخوێنێتەوە و ڕەنگە کرۆکی بابەتەکە بێت: ''ساماندار هەرگیز بەوە خۆشبەخت نابێت کە سامانی هەیە، بەڵکوو بە بەخشینی کامەران دەبێت، بێگومان بەخشینێکی هەڕەمەکیانە نا، بەڵکوو ورد و دانایانە.''

ئەوانەی کە خوێنەرن، هەر زوو لە فیلمەکەدا سەرنجیان دەچێتە سەر ڕۆمانی ''دۆن خیۆتێ'' کە شاکارەکەی سێرڤانتسە، دەرهێنەر ئەم کتێبەی داوەتە دەست ئەکتەری سەرەکی و دەیخوێنێتەوە، جیاواز لە هاوەڵ و هاوزیندانیانی، لە بری ئەوەی چەقۆ یاخود کەرەستەیەکی دیکە بهێنێت، کتێبێکی لەگەڵ خۆیدا هێناوە. بێگومان دەرهێنەر هەر بۆ خۆشی ئەم ڕۆمانەی نەداوەتە دەست ئەکتەری فیلمەکە، بەڵکوو زۆر ورد کاری لەسەر کراوە و دەکرێ بڵێین کە ئەم فیلمە، زۆر جوان و هونەریانە پەیامی ڕۆمانەکەی سێرڤانتسی بە بینەر گەیاندووە. ئاخر نەدەکرا پەیامێکی وا تاڵ و کارەساتبار لە ڕێی ژانرێکی درامییەوە بگەیەنرێت، بەڵکوو دەبێت وەک خۆی و بگرە ترسناکتریش نیشانی بینەر بدرێت، تا لانی کەم بۆ ساتێک داچڵەکێت و دووبارە بیر لە کۆی پرسەکان بکاتەوە. ئەکتەری سەرەکی نێو فیلمەکە، هەمان ڕووخسار و شێوەی ئەو کەسایەتییەی هەیە کە لە کتێبەکەدا باس کراوە، کە کەسایەتییە سەرەکییەکەی سێرڤانتسە، جووتیار و هۆشیارە و دەرک بەوە دەکات کە چۆن لە لایەن چینەکانی سەروو خۆیەوە ژیانی بەهەدەر دراوە، هەر بۆیە تا کۆتایی دەجەنگێت و هەوڵی دروستکردنی گۆڕانکاری دەدات. ڕەنگە گۆڕانکارییەکی جددی هەرگیز بە تاکەکەسێک دروست نەکرێت، دەرهێنەری فیلمەکەش دەیەوێت هەمان مەبەست بگەیەنێت، هەرچەندە ژمارەکان کەم بن، بەڵام بە هەرەوەزی و دەست لەناو دەست، دەکرێ هەوڵ و تەقەللایەکی سەخت بدرێت.

چینە نزمەکانی کۆمەڵگە چینی خەسێنراون و توانای دروستکردنی گۆرانکاریی، تێگەیشتن و هاوکاریان نەماوە، هەر بۆیە لێرەدا پێویستە کەسانی ژیر و هۆشیار، قوربانییەکە بدەن، جا چ لە ڕێی وتووێژەوە بێت یان زەبر و زەنگ! گەلێک لێدوان و گفتوگۆی جیاواز سەبارەت بە سیستەمە جیاوازەکان هەن، وەک کۆمۆنیزم و سۆشیالیزم، بەڵام دەرهێنەر ناڵێت کە کامیانی لا پەسەندە، لە لایەکی دیکەشەوە پێمان دەڵێت کە سەرمایەداری دێوەزمەیە و جێگرەوەیەکی نییە، دۆزەخێکی خوڵقاندووە، فڕێی داوینەتە ناوی و پێمان دەڵێ کە ئەگەر قورس کار بکەن، ئەوا بە ئاواتەکانتان دەگەن، ڕەنگە ئەم سەخت کارکردنەش دواجار بە شکاندن و کوشتنی کۆمەڵێک هاونیشتیمانی خۆمان کۆتایی بێت، بەڵام هێشتاش هیوایەک ماوە. پرسیارەکە ئەوەیە کە ئەم هیوایە لە چیدا خۆی دەبینێتەوە؟

''گۆرینگ'' لە گەشتەکەیدا بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری، تووشی گەلێک بارودۆخی ناهەموار دەبێتەوە. لە پێناو مانەوەدا ناچار بە کوشتن و خواردنی گۆشتی مردوو دەبێت، چونکە پێی وایە مانەوە و کۆڵنەدان، هەوڵدان بۆ دروستکردنی گۆڕانکارییەکی گەورەتر، لە سەروو هەموویەوەیەتی. تا دواجار و بە هاوکاری کەسێکی کەم تا زۆر هاوبیری خۆی، دەگاتە ئەو دەرەنجامەی کە گەیاندنی ئاماژەیەک بە سەروو خۆمان، پەروەردەکردنی نەوەیەکی نوێ، نەوەیەک کە دەستی پیسی سیستەمی لا نەگەیشتبێت و لانی کەم وەک ئێمە نەکرابێت بە بوودەڵە، دەکرێ تاکە چارەسەر بێت کە مابێتەوە. لە کۆتاییدا ''گۆرینگ'' خۆیشی بەرەو مەرگ هەنگاو هەڵدەگرێت و ناگەڕێتەوە، چونکە پێی وایە سەرەنجامی ئەو هەموو قێزەونی و شەڕوشۆڕەی کە پێیدا ڕۆیشتووە، پاکی خۆی لەدەست داوە و بیرۆکە و تەنانەت بوونیشی وەک جەستەیەک، نابێ تێکەڵ بەو نەوە نوێ پاکە ببێت کە تاکە چارەسەرە. گرنگترین ئامۆژگاری و پەیامێک کە لە فیلمەکەوە وەربگیرێت ئەوەیە کە دەستەوەستان دانیشتن و چاوەڕوانیکردن و بیانووهێنانەوە بەوەی کە هیچ دەسەڵاتێکمان نییە و هیچ ناکرێت، بێهوودە و گەمژانەیە و دوورە لە ڕەفتاری مرۆڤی ڕەسەن و ڕاستەقینەوە. پێویستە هەنگاو بنرێت و قوربانی بنرێت، تەنانەت ئەگەر خوێنڕشتنیشی تێ بکەوێت، چونکە بەرپرسیاریەتییەکی گەورەترمان لە ئەستۆدایە. سەرەتا بە تێگەیشتن و وتووێژ، گەر کاری خۆی نەکرد، ئەوا بە زەبر و زەنگ. چونکە سیستەمەکان بارودۆخێکی وایان دروست کردووە، تاکەکانی کۆمەڵگە ڕاستەڕێیان ون کردووە، شێوێندراون و ویستی گۆڕانکاری، پێکەوە ژیان و دابینکردنی ژیانێکی شایستە، لایان بووەتە نەکردە! بە کورتی و پوختی، دین و ئیمانیان بووەتە پەیداکردنی قوتێک تاکوو لە برساندا نەمرن، ئەمانە هی ئەوە نین هاند بدرێن لە دژی سیستەم، چونکە پێشوەختە کراونەتە بوودەڵە و خەسیون، ڕەنگە هێزێک بن و فشار دروست بکەن، بەڵام لە کۆتاییدا هەمان کۆیلایەتی و نەوەی سەرشۆر بەرهەم دەهێننەوە.

هەندێک ئاماژە کە ڕەنگە بینەر لە فیلمەکەدا سەرنجی نەدابن:

- زیندانەکە، یاخود ئەو کونەی کە زیندانییەکانی تێدا بەند کراون، ٣٣٣ ژووری لەخۆگرتووە، لە هەر ژوورێکدا دوو کەس هەن، بەم جۆرە ٦٦٦ کەس لە زیندانەکە هەن، کە ئەم ژمارەیەش گەلێک مانا و ئاماژەی لە خۆیدا هەڵگرتووە، بەڵام دیارترینیان شەڕەنگێزی و خراپەیە و هاوکات ئەم شەڕەنگێزییەش پەیوەندی بە لایەن و دەسەڵاتێکی دیاریکراوەوە هەیە کە زۆر دەبات و لێرەدا باس ناکرێت.

- ئەوانەی کە لە دەرەوەی زیندانەکەن و خۆراکەکە ئامادە دەکەن، بێئاگان لەوەی کە چی لەناو کونەکەدا دەگوزەرێت، تەنیا سەروەرانی سیستەم و کەسانی سەرووتر دەزانن دۆخی ناو کونەکە چۆنە، گەرنا ئەمان تەنیا کاریان ئەوەیە خۆراک بۆ ٦٦٦ کەس ئامادە بکەن و لەسەر سەکۆیەک بەناو ژوورەکاندا بینێرنە خوارەوە.

- هەموو ئەوانەی لە زیندانەکەدان بە هۆکارێک لەوێن، هەندێکیان بەهۆی تاوانەوە لەوێن، هەندێکیشیان خۆبەخشانە و لە پێناو بەدەستهێنانی شتێکدا. بۆ نموونە ''گۆرینگ'' خۆبەخشانە خۆی ناونووس دەکات تاکوو ٦ مانگ لەوێ بمێنێتەوە و بڕوانامەیەکی باڵاتری پێ بدرێت. ''تریماسێ'' کە کەسایەتییەکی دیکەی نیو فیلمەکەیە، بەهۆی کوشتنی کەسێکەوە لەوێیە. ''ئیمۆگویری'' ٢٥ ساڵ بۆ بەڕێوەبەرایەتی و کاربەدەستانی شوێنەکە کاری کردووە، پێی وایە دەزانی چی ڕوو دەدات و سیستەمە چۆن کار دەکات، بەڵام نازانێت، دەڵێت کە هیچ مرۆڤێکی خوار تەمەن ١٦ ساڵی لێ نییە، بەڵام دواتر دەردەکەوێت کە لێیەتی، بە کورتی ئیمۆگیری شێرپەنجەی هەیە و لەوێیە تاکوو چارەسەر بکرێت، بە هەمان شێوەی گۆرینگ کەسێکی ژیرە و هەست بە بەرپرسیارییەتی دەکات بەڵام ڕێگەکانی هەڵە و ناکاران.

- ''ئیمۆگویری'' بەهۆی ئەو ڕەگەزپەرستییەوە کە هەیەتی، چاوی کوێر بووە لە ئاست بینینی ڕاستییەکاندا و پێی وایە ''میهارو'' کە ژنێکی ئاسیاییە و بە شوێن منداڵەکەیدا دەگەڕێت، تووشی وەسوەسە بووە و منداڵی نییە.

- میهارو ناوی ئەو ژنەیە کە بەردەوام لە زیندانەکە هەوڵی دۆزینەوەی منداڵەکەی دەدات. زۆرێک لە بینەران پرسیاری ئەوەیان لا دروست بووبوو کە چۆن منداڵەکە لە ژووری ٣٣٣ کە کۆتا ژوورە، بە زیندووی ماوەتەوە، وەڵامەکەی ئەوەیە کە میهارو هەموو جار سوار سەکۆی خواردنەکە بووە و چەندان کەسی کووشتووە، تا خۆراکی پێویست بۆ منداڵەکە بهێڵێتەوە و نەهێڵێت بمرێت. میهارو بە یابانی واتە ''پارێزەر، بەرچاوڕوونی''. هەر ئەم ئافرەتەشە لە فیلمەکەدا بەرچاوڕوونی دەداتە گۆرینگ و وای لێ دەکات بە شوێن ڕووداوەکاندا بچێت.

- ''بەهاراتا'' نموونەی کەسێکی زیرەک و هۆشیارە هەروەک گۆرینگ، هەر بۆیەش پێکەوە دووانەیەک دروست دەکەن تاکوو گۆڕانکاریی دروست بکەن. تا دواجار بەهاراتاش دەبێتە قوربانییەکی دیکە، گۆرینگ کچۆڵەکە کە ئاماژەیە بە پەروەردەکردنی نەوەیەکی نوێ، نەجات دەدات و خۆشی وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا، دەست لە خۆی بەردەدات تاکوو بمرێت، چونکە نایەوێت بەو چەپەڵی و خووە ناشرین و دزێوانەی ناوییەوە لەگەڵ کچەکەدا بگەڕێتەوە سەرەوە.

- هەر یەکێک لە زیندانیانییەکان، بەر لەوەی بخرێنە ئەوێ، چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە و گەلێک پرسیاریان ئاراستە کردوون. یەکێ لە پرسیارەکان ئەوەبووە کە ژەمەخۆراکی دڵخوازیان چییە؟ دواتر گۆرینگ ژەمەخۆراکی دڵخوازی خۆی لەسەر سەکۆکە دەدۆزێتەوە و بۆی دەردەکەوێت کە ئەگەر هەمووان ژەمەخۆراکی دڵخوازی خۆیان بخواردایە و دەستیان بۆ ماف و قووتی ئەوانی دیکە درێژ نەکردایە، ئەوا ڕەنگە کەس نەکوژرایە و هەموویان بە ئاسایی پێکەوە لە شوێنەکە دەربچوونایە.


ڕیکلام