عێراق ژمارەیەك گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكیەكان دەكات

  2020-08-20  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆك وەزیرانی عێراق دوای سەردانەكەی بۆ ئەمریكا ژمارەیەك كۆمپانیای گەورەی ئەمریكی دەهێنێتەوە بۆ عێراق و چەند گرێبەستێكی گەورە واژۆ دەكرێت.

بەگوێرەی بەیاننامەیەكی كۆمپانیای جەنەڕاڵ ئەلیكتریكی ئەمریكی، دوو گرێبەستی لەگەڵ وەزارەتی كارەبای عێراق واژۆكردووە كە بڕەكەی 1.2 ملیار دۆلارە و كاری چاككردنەوەی سەرجەم وێستگەكانی كارەبا لە عێراق لە ئەستۆ دەگرێت.

میدیای ئەمریكی پێشبینی دەكات شاندی عێراق گرێبەستێك لەگەڵ كۆمپانیای شێفرۆن بۆ پەرەپێدانی كێڵگەیەكی گەورەی نەوت لە عێراق واژۆبكات. هەرچەندە ئەو گفتوگۆیانە ماوەی زیاتر لە ساڵێكە بەردەوامن بەڵام دوای كوشتنی قاسم سولەیمانی راگیرابوون .

 گفتوگۆی نێوان ئەو كۆمپانیایە  و عێراق دوای دەستبەكار بوونی مستەفا كازی جارێكی دیكە دەستیپێكردەوە و  وا بڕیارە كار لەسەر دۆزینەوە و دەرهێنانی نەوت لە كێڵگە نەوتییەكانی باشووری شاری ناسریە بكات.

هەرچەندە لە ئێٍستادا شیفرۆن لە هەرێمی كوردستان بوونی هەیە و كار دەكات. بەڵام تا ئێٍستا كاری لە گەڵ حكومەتی عێراقیدا نەكردووە. 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش بە شێوەیەكی فەرمی رایگەیاند شاندی عێراق چەند رێككەوتنێكی وزەیان لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان واژۆكردووە.

هەروەها دوو كۆمپانیای دیكەی نەوتی ئەمریكی، هانی وێڵ و كۆمپانیای ستێلەر ئێنێرجی گرێبەستی پەرەپێدانی گازی كێڵگە نەوتییەكان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق واژۆدەكەن بەڵام تا ئێٍستا بە فەرمی رانەگەیەندراوە. 

لەو سەردانەی كازمی بۆ ئەمریكا بڕیارە ئەمڕۆ 20ئابی 2020 چاوی بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بكەوێت و لەبارەی پەیوەندیەكانی نێوانیان گفتوگۆبكەن كە پێشبینی دەكرێت گفتوگۆی جێگیركردنی بنكەیەكی سەربازی هەمیشەیی لە ئەمریكا و بەخشینی عێرا قلە سزاكانی ئەمریكا لە دژی ئێران دوو بابەتی گرنگبن بەلای هەردوو وڵاتەوە. 


ڕیکلام